ڕێژەی منداڵانی توشبوو بە ئۆتیزم ڕوو لە زیادبوونە

لە ڕۆژی جیهانی منداڵانی توشبوو بە ئۆتیزم ڕێکخراوی ئۆتیزمی حکومی مەراسیمێکی ڕێکخست و خەڵاتی ڕێزلێنانی بەخشی بەو ڕاهێنەرانەی لە سەنتەرەکەدا کار دەکەن.

سلێمانی

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە سەنتەری ئۆتیزمی حکومی لە شاری سلێمانی بۆ ڕۆژی جیهانی منداڵانی توشبوو بە ئۆتیزم بەڕێوبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی مەراسیمێکی ڕێکخست بۆ منداڵانی تووشبوو بەو نەخۆشیە.

 

مەراسیمەکە سەرەتا بە دەقەیەک ڕاوەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستیپێکرد، لە مەراسیمەکەدا ئاماژە بەوەکرا، نەخۆشی ئۆتیزم ئاڵۆزی مێشکە بەهۆی کێشە لە کۆئەندامی دەماردا، وە دەتوانرێت لە ڕێگەی خۆراکەوە بە ڕێژەیەکی باش کۆنترۆڵی ئەو نەخۆشیە بکرێت.

 

لە درێژەی مەراسیمەکەدا باس لەوەکرا لە سنوری سلێمانی و دەروبەری زیاتر لە ٥٠٠ منداڵی توشبوو بە ئۆتیزم هەیە، دواتر خەڵاتی ڕێزلێنان بەخشرا بەو ڕاهێنەرانەی کە لە سەنتەری ئۆتیزمی حکومی بە دڵسۆزانە کار دەکەن و خەڵات بەخشرا بە منداڵانی توشبوو بە ئۆتیزم.

 

سروە عەبدوڵا بە نوێنەرایەتی دایک و باوکانی خاوەن منداڵی ئۆتیزم وتی: من وەکو دایکێک کە منداڵەکەم نەخۆشی ئۆتیزمی هەیە، کەس تێناگات لێمان کە چی ناڕەحەتیەک دەچێژین لەگەڵ ئەو منداڵانەدا، هەبوونی سەنتەری لەم شێوەیە زۆر پێویستە بۆ ئەوەی بتوانین بۆ چەند ساتێکیش بێت منداڵەکانمان بە بێ خەمی بە جێ بهێڵین لایان، سوپاسی ئەو ڕاهێنەرانە دەکەین  کە لە حکومەت خەمخۆرترن بۆ منداڵەکانمان.

 

"بەکارهێنانی ئامێرە ئەلکترۆنییەکان هۆکارێکە بۆ زیادبوونی منداڵی ئۆتیزم"

سۆما تەها، مامۆستای پەروەردەی تایبەت لە سەنتەری ئۆتیزمی حکومی، وتی: ئێمە لە سەنتەرەکەمان بەپێی ئاست لەگەڵ منداڵانی توشبوو بە ئۆتیزم ئیش دەکەین و منیش لەگەڵ ئەو منداڵانەدا ئیش دەکەم کە توانای فێربوونیان هەیە، هەوڵدەدەین بۆ ساڵانی داهاتوویان بڕۆنە بەر خوێندن، دەبێت ڕاهێنەرەکان خۆڕاگربن بەرامبەر ئەو منداڵانە، چونکە منداڵەکان ڕەفتارێکی نائاساییان هەیە، ڕێژەی منداڵانی توشبوو  بە ئۆتیزم ساڵانە ڕوو لە زیادبوونە و هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ زۆر بەکار‌هێنانی ئامێرە ئەلکترۆنیەکان.

 

لە ساڵەکانی هەشتاکاندا دایکان و باوکان کە هیچ چارەیەکیان نەدەدۆزیەوە بۆ منداڵەکانیان، کاتێک توشی ئۆتیزم دەبوو بە شێت منداڵەکانیان لە قەڵەم دەدا، بۆ ئەمەش ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەیەکیدا لە ١٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٧ بڕیاریدا ٢ی نیسانی هەموو ساڵێک بە ڕۆژی جیهانی ئۆتیزم دەستنیشان بکات.