ڕوقیە ستانکزای: پەروەردە ژن لە تاریکی ڕزگار دەکات

ڕوقیە ستانکزای یەکێکە لە ژنە قوربانییەکانی کۆمەڵگە کە بارودۆخی کۆمەڵایەتی وایکردووە نەتوانێت بخوێنێت.

بەهاران لاهیب

 

کابول- زیاتر لە چل ساڵە حوکمڕانی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی کۆنەپارێزەکان لە ئەفغانستان بەردەوامە و ژنکوژی لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە لە هەموو ناوچەکانی وڵاتدا بووەتە شتێکی باو، ئەم هێزە تاریکە، کە لە بەرگی تاڵیباندا لە وڵاتدا بڵاوبوونەتەوە، بەهۆی ترسی هۆشیاری و هاودەنگیی ژنان، هەوڵیانداوە بچوکترین ئاسانکاری لە ژنان وەربگرنەوە، لە بەرامبەردا لە هەموو سەردەمێکدا ڕووبەڕووی خەبات و ناڕەزایەتی ژنانیش بوونەتەوە.

 

پارێزگای لوگر (یەکێکە لە پارێزگاکانی باشووری وڵات) سەرەڕای نزیکییەکەی لە کابولی پایتەختەوە، هێشتا بە شێوەیەکی نائاسایی کۆمەڵگەیەکی دواکەوتووی هەیە و یەکەمین قوربانیانی ئەو دۆخەش ژنانن، هێشتا زۆرینەی ڕەهای خەڵکی ئەم پارێزگایە وابەستەی کشتوکاڵ و ئاژەڵدارین و هەربۆیە سیستمی پیاوسالاری و عەشیرەتی بەهێز ماوەتەوە.

 

ڕوقیە ستانکزای، یەکێک لە ژنە قوربانییەکانی ئەو پارێزگایەیە و لە وڵاتی پاکستان خوێندویەتی، دوای ئەوەی هاوسەرگیری کردووە، هاتووەتە پاریزگای لوگر، بەڵام بەهۆی کۆنەپارێزی ناوچەکە ڕێگەی خوێندنی لێگیرا و وازی لە خوێندن هێناوە.

 

لە کۆمەڵگە هەڵبژێردراوەکانی وەک ئەفغانستان، پەروەردە و کاری ژنان بە شەرمەزاری دادەنرێت، لە چوار دەیەی ڕابردووەوە شوێنکەوتوانی ئیخوان موسلیمینی میسری لە ئەفغانستان کە بە "ئیخوانەکان" یان "ئیخوانانی جنۆکە" ناسراون بە سەرۆکایەتی گڵبەدین حیکمەتیار، بورهان الدین ڕەبانی، سوبغەتوڵا مجددی، عەبدرەب ڕەسوڵ سەیاف، ئەحمەدشا مەسعود، یونس خالس و هتد، خاکی ئێمەیان بەرەو لەناوچوون و نەزانی برد.

 

سەرەڕای ئارەزووی ڕوقیە بۆ خوێندن، بەڵام وازی لە خوێندن هێنا و پێیان وت کە پێویستە لە ماڵەوە بمێنێتەوە و شەرمەزارییەکی گەورەیە بۆ ئەندامانی پیاوی خێزانەکە کە بە پارەی کاری ژنێک ژیانی خۆیان دابینبکەن، ڕوقیە کە لەگەڵ یەکێک لە خزمەکانی باوکی هاوسەرگیری کردووە، لەلایەک بەهۆی کۆمەڵگەی پیاوسالارییەوە ڕێگەی پێنەداوە درێژە بە خوێندن بدات و لەلایەکی دیکەشەوە بەرپرسیارێتی قورسی بنەماڵەی هاوژینەکەی و منداڵەکانی بووە بەربەستێک لەسەر ڕێگەیدا.

 

ڕوقیە دەڵێت: کاتێک دەمخوێند زۆر دڵخۆش بووم، ژیان بۆ من ئاسان و هیوابەخش بوو، لە ڕووی دەروونییەوە هەستم بە ئاسوودەیی و شانازی بە خۆمەوە دەکرد، پەروەردە ژن لە تاریکی ڕزگار دەکات.