تاران؛ منداڵێکی ٨ ساڵان بەهۆی ژەهراویبوونەوە گیانی لەدەستدا

لە بەردەوامی ژەهراویکردنی خوێندکاراندا، منداڵێکی ٨ ساڵە، کە خەڵکی جوانڕۆیە و دانیشتووی تارانە گیانی لەدەستدا.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕژێمی ئێران لە ڕێگەی ژەهراویکردنی خوێندکاران و منداڵەنەوە کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدات، ئەمڕۆ ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکاران لە قوتابخانە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ژەهراوی بوون و بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاوکراونەتەوە، منداڵێکی تەمەن ٨ ساڵان، بەهۆی ژەهراویبوونەوە گیانی لەدەستدا.

 

منداڵەکە ناوی کارین عەلەمدارییە و خەڵکی جوانڕۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و لە شاری تارانی پایتەختی ئێران دادەنیشن، کارین قوتابی پۆلی ٢ی سەرەتایییە و بەهۆی ژەهراویبوون بە گازێکی نەناسراو لەناو قوتابخانەکەیدا، گیانی لەدەستدا.

 

تا ئێستا ئەمە سێیەم منداڵە کە بەهۆی ژەهراویبوون لە قوتابخانەکانیاندا گیانیان لەدەستداوە، هاوکات میدیاکانی سەر بە ڕژێم گیانلەدەستدانی ئەو منداڵانەیان بە هۆی نەخۆشی ئاساییەوە ناوبرد و ڕەتیانکردەوە بەهۆی ژەهراویبوون گیانیان لەدەستدابێت.