بەریتانیا تەمەنی هاوسەرگیری زیاد دەکات و چالاکوانێکی کورد ڕۆڵی هەبووە

یاسایەکی نوێ لە بەریتانیا و وێڵز کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە کە تەمەنی یاسایی هاوسەرگیری بۆ ١٨ ساڵ زیاد دەکات و ژنێکی چالاکوانی کورد چەند ساڵێکە هەوڵ بۆ گۆڕانکارییەکە دەدات.

ناوەندی هەواڵ

 

لە بەریتانیا تەمەنی هاوسەرگیری ١٦ بۆ ١٧ ساڵ بوو کە ئەگەر ڕەزامەندی دایک و باوکیان هەبێت، هیچ یاسایەکیش ڕێگری لە هاوسەرگیری لەو تەمەنەدا نەدەکرد، ئەگەر لەلایەن ئەنجومەنی ناوخۆیی تۆماریش نەکرابێت، بەڵام یاسایەکی نوێ تەمەنی هاوسەرگیری لەو وڵاتە بۆ ١٨ ساڵ بەرز دەکاتەوە.

 

دوای پەسەندکردنی یاسا نوێیەکە، حکومەت ئاماژەی بەوەکردووە، گۆڕانکارییەکان یارمەتیدەر دەبن بۆ پاراستنی منداڵانی خوار ١٨ ساڵ لە ناچاربوونیان بە هاوسەرگیریکردن، هاوکات پێشتر هاوسەرگیری زۆرەملێ تەنها تاوان بوو، ئەگەر زۆرەملێ وەک هەڕەشە بەکاربهێنرایە، بەڵام بەپێی یاسای هاوسەرگیری و هاوبەشی مەدەنی (کەمترین تەمەن) ئێستا ڕێکخستنی هاوسەرگیری بۆ منداڵان لە هەر بارودۆخێکدا نایاساییە، جا هێز بەکاربهێنرێت یان نا.

 

هەروەها لە یاساکەدا هاتووە، تاوانباران بە هاوسەرگیری لە خوار تەمەنی یاسایی، تا حەوت ساڵ زیندانی دەکرێن.

 

پایزە مەحمود، چالاکوانی کوردی دانیشتووی بەریتانیا، خۆی قوربانی هاوسەرگیری لە تەمەنی منداڵیدایە، خوشکەکەشی، بەناز مەحمود، لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا ناچار بە هاوسەرگیری کراوە و دوای ئەوەی ویستوویەتی لەو پیاوە جیابێتەوە کە هاوسەرگیری لەگەڵ کردووە، بە ناوی شەرەف کوژراوە، چەندین ساڵە لە ڕێگەی کەمپەینی جیاوازەوە هەوڵی پاراستنی منداڵان و کچان دەدات لە هاوسەرگیری لە تەمەنی منداڵدا.

 

پایزە دوای دەرچوونی یاساکە، کە چەندین ساڵە هەوڵی بۆ دەدات، بە بی بی سی ڕاگەیاندووە، "بینینی جێبەجێکردنی یاسا نوێیەکە لە بەریتانیا و وێڵز یەکێکە لە گرنگترین ڕۆژەکانی ژیانم، ئەمە مایەی خۆشحاڵییە بۆ من، چونکە زیانەکانی هاوسەرگیری منداڵان دەزانم و لەو دۆخەدا ژیاوم، خوشکەکەمم بینیوە پێیدا تێپەڕیوە، ئەو کاریگەرییە وێرانکەرانەشم بینیوە کە دەتوانێت زۆرێک لە ژن و کچان گیرۆدە بکات، کاتێک ژن هەوڵی ڕزگاربوون لە دۆخی هاوسەرگیری منداڵان دەدات، هاوشێوەی دۆسیەی خوشکەکەم ڕووبەڕووی سزای مردن دەبێتەوە".

 

لە ساڵی ٢٠٢١دا یەکەی هاوسەرگیری زۆرەملێی حکومەتی بەریتانیا ١١٨ حاڵەتی هاوسەرگیری زۆرەملێی تۆمار کردووە، کە قوربانییەکان تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵەوە بوو، بەڵام چالاکوانان پێیانوایە ئامارە فەرمییەکان ڕەنگدانەوەی قەبارەی ڕاستەقینەی کێشەکە نین، چونکە ڕەنگە قوربانییەکانی دیکە نەیانتوانیبێت دەستیان بگاتە پشتیوانییەکان.