ژنانی سەردەشت هاوخەمی گەلی کوردن لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان
ژنانی سەردەشت هاوسۆزی خۆیان بۆ زیانلێکەوتووانی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان دەردەبڕن و دەڵێن: هەوڵدەدەن بە جۆرێک لە جۆرەکان هاوکاریی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە بکەین، بەڵام حکومەتی ئێران ڕێگە بەو هەڵمەتە نادات هاوکاری خەڵک کۆبکاتەوە.
ڕۆژین قادری
سەردەشت- سنوورە ساختەکانی نێوان کوردستان نەک هەر لەڕووی پەیوەندی سیاسی و فیکرییەوە کوردیان لەیەکتر دانەبڕی، بەڵکو ئێستا بوومەلەرزەکەی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان ئازار و مەینەتیی کوردە لە چوار پارچەی کوردستان. ژنانی سەردەشت لە پەیامەکانیاندا پشتیوانی و هاوسۆزی خۆیان لەگەڵ زیانلێکەوتووانی باکور و ڕۆژئاوای کوردستان دەردەبڕن و ڕایانگەیاند بە هەر ڕێگەیەک بێت هاوکارییەکانمان دەگەیەنین.
لە بوومەلەرزەکەی هەفتەی ڕابردوودا کە بەشێکی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا و تورکیای گرتەوە و زیاتر لە ٣٧ هەزار کەس گیانیان لەدەستدا و پێدەچێت ژمارەی قوربانیانیش لەوە زیاتر بێت، گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ژنان و ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی مەدەنی و سەرجەم توێژەکانەوە، بەردەوام لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چاودێری دۆخەکە دەکەن و لەو خەمە گەورەیەدا هاوبەشن، پێشتریش لە سەردەمی بەرخۆدانی کۆبانی و شەنگالدا لە هەموو شارەکاندا خەڵک هاتنە سەر شەقامەکان و پاڵپشتی ڕۆژئاوای کوردستان بوون، دەیان گەنجیش پەیوەندییان بە ڕیزەکانی بەرخۆدانەوە کرد، ئێستاش لە هەوڵی هاوکاری و پاڵپشتیکردنی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکەن بە شێوەی جیاواز.
سەحەر مولودی چالاکوانی ژنانە لە شاری سەردەشت، سەبارەت بە بوومەلەرزەی باکوور و ڕۆژئاوا دەڵێت: دوای بوومەلەرزەکەی باکوور و ڕۆژئاوا، بیرمان لەوە کردەوە کەمپینێک بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزە دروست بکەین، بەڵام حکومەتی ئێران ڕێگەی پێنادات، بیر لە ڕێگەی دیکە دەکەینەوە، هەوڵیشماندا هەڵمەتێک بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری خەڵک دەستپێبکەین، هەرچەندە ئێستا بارودۆخی ڕۆژهەڵاتیش لە حاڵەتی شەڕدایە و هەموو شارەکان بە سەربازگە کراون.
فاتمە بایزیدی لە بارەی ئەو چالاکییەی بۆ پشتیوانی لە زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکەی باکوور و ڕۆژئاوا دەڵێت: هەستێکی زۆر ناخۆشمان هەیە کە دەرفەت و مۆڵەتی کۆکردنەوەی هاوکاری خەڵکمان نییە لەناو ڕۆژهەڵات بۆ باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان، دوای بوومەلەرزەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەدواداچوون بۆ دۆخەکە دەکەین، لە پەیوەندیدا بووم لەگەڵ براکەم لە ئەڵمانیا و داوام لێکرد لە ڕێگای مانگی سووری کوردەوە هاوکارییەکان بنێرێت بۆ زیانلێکەوتووان.