لە کۆبانێ کاردانەوە دژی هێرش: لە لایەک بوومەلەرزە، لە لایەک بۆردومان
ژنانی کانتۆنی کۆبانێ کاردانەوەیان دژی هێرش و بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر هەرێمی فورات و بەتایبەتی کۆبانێ نیشاندا و دەڵێن: مرۆڤایەتی بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە هەنگاوی ناوە، بەڵام دەوڵەتی تورک لە هەرێمی فورات تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام دەدات.
بەرچەم جودی
کۆبانێ- دوای ئەو بوومەلەرزەیەی کە لە ٦ی شوبات لە باکووری کوردستان و تورکیا و ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا ڕوویدا، دەوڵەتی تورک هێرشی کردە سەر هەرێمی فورات، هەرچەندە لە تورکیا کارەساتێکی گەورە هەیە، بوومەلەرزەکە یەکێکە لە گەورەترین بوومەلەرزەکانی سەدەی ٢١، کە بەهۆیەوە زیاتر لە ٣٧ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و دەیان هەزاریش لەژێر بینارووخاوەکاندا ماون، بەڵام دەوڵەتی تورک بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر هەرێم.
لە ڕۆژی بوومەلەرزەکەوە تا ئێستا هێرشەکانی نەوەستاندووە
لە ڕۆژی بوومەلەرزەکەوە دەوڵەتی تورک چەندین جار گوندنشینانی ناوچەی عەین عیسا و ڕێگای ئێم ٤-ی بە چەکی قورس تۆپباران کردووە، بەم دواییانە لە ١٢ی شوبات فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک ئۆتۆمبێلێکی مەدەنییان لە نێوان گوندەکانی میناز و شێخ عەبدال لە ڕۆژئاوا کۆبانێ بۆردومان کرد و هاوڵاتیەک تێیدا گیانی لەدەستدا، جێگای ئاماژەیە، کە کانتۆنی کۆبانێش بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانی زۆری بەرکەوتووە و دەیان خانوو ڕووخاون و سێ کەسیش برینداربوون.
"ئێمە قوربانیانی بوومەلەرزەکە و شەهیدانی بۆردوومانەکە پێکەوە بەخاک دەسپێرین"
نادیە حسۆ، خەڵکی کۆبانێیە و بە تووڕەییەکی زۆرەوە هەڵوێستی خۆی لەسەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک دەربڕی و وتی: وەک ئێستا دەزانرێت مرۆڤایەتی بە کارەساتێکی سروشتیدا تێدەپەڕێت، کە ماوەی ٩ ڕۆژە بوومەلەرزە ڕوویداوە، تا ئێستا هەزاران کەس لە ژێر داروپەردوودان، دوو ڕۆژ پێش ئێستا کەسێک لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە لە کۆبانێ کوژرا، لەلایەکەوە قوربانیانی بوومەلەرزەکە بەخاک دەسپێردرێن و لەلایەکی دیکەشەوە شەهیدانی بۆردومانی دەوڵەتی تورک بەخاک دەسپێردرێن، لەناو ئەو قیامەتەی کە ئێستا هەیە دەوڵەتی تورک بەردەوامە لە سیاسەتی قڕکردنی گەلی کورد، ماوەی چەند ڕۆژێکە ژیان لەچاوماندا تاریک بووە و زۆری ئەو کەسانەی کە لە بوومەلەرزەکە گیانیان لەدەستداوە کاریگەری زۆری لەسەرمان هەبووە، ئێمە لەو سیاسەتانەی دەوڵەتی تورکەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە حکومەتی ئاکەپە دڵخۆشە بەو ڕووداوەی کە زۆربەی قوربانییەکانی خاکەکە کوردن.
"دەوڵەتی تورک سروشتیشی داگیرکردووە"
نادیە حسۆ، تیشکی خستەسەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر سروشت و وتی: پێویستە چیتر مرۆڤایەتی بەتایبەتی کەسوکاری قوربانییەکان بێدەنگ نەبن بەرامبەر کارەکانی دەوڵەتی تورک، ئێمە وەک کورد لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە کۆمەڵکوژ کراین و لە ژێر بینا ڕووخاوەکاندا دەمرین، دەوڵەتی تورک تەنانەت سروشتیشی داگیرکردووە، بەنداوی ئەتاتورک کە ئاوی سوریا و عێراقی کەمکردووتەوە، یەکێکە لە هۆکارەکانی بوومەلەرزەکە، ماوەی چەند ساڵێکە دەوڵەتی تورک ئاوی لە ئێمە بڕیوە، گەیشتوونەتە ئاستێکی دڕندانە کە بە پێی بەرژەوەندی خۆیان سیستەمی سروشتیش بگۆڕن، بۆیە بانگەوازیی من بۆ خەڵکی باکووری کوردستان و تورکیا ئەوەیە کە لێپرسینەوە لە دەوڵەتی تورک بکەن و کۆتایی بە وشیاری دەوڵەتی فاشیستی تورک بهێنین.
"لە جیاتی خزمەتکردن هاوڵاتیانمان بۆمباران دەکات"
تەمرا نیسان ئاماژەی بەوەدا، دەوڵەتی تورک بابەتی بوومەلەرزەکەی کردە سیاسی و وتی: پێش ئەوەی بوومەلەرزەکە ڕووبدات، دەوڵەتی تورک خۆی ئامادە دەکرد بۆ هێرشێک کە ئامانجی داگیرکردنی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا بوو، ژمارەی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزە و بریندارانی باکوری کوردستان و تورکیا زۆرن، بەڵام دەوڵەتی تورک لە جیاتی ڕزگارکردنی خەڵک و ڕەخساندنی دەرفەتی ژیان بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزە، بە فڕۆکەی بێ فرۆکەوان تۆپبارانمان دەکات.
"مرۆڤایەتی لە شوێنی بوومەلەرزەکەیە و دەوڵەتی تورک ئەمە پێشێل دەکات"
لوتفیە مەحمود وتی: دەوڵەتی تورک هێشتا نەگەڕاوەتەوە و بەردەوامە لە کردارەکانی دژ بە مرۆڤایەتی، وشیاری و تیرۆرێکی وەها دڕندانەیان هەیە کە هەزاران هاوڵاتی باکووری کوردستان و تورکیا گیانیان لەدەستداوە و هەزارانیش لە ژێر بینا ڕووخاوەکاندان، بەڵام دەوڵەتی تورک بەردەوامە لە پڕۆژە داگیرکارییەکانی، لە کاتێکدا کە هەموو مرۆڤایەتی بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە هاوکاری دەکەن، دەوڵەتی تورک ستانداردی مرۆیی پێشێل دەکات، هەروەها جیهانیش چاوی داخستووە و ڕێگەی داوە بۆ ئەوەی دەوڵەتی تورک کورد کۆمەڵکوژ بکات، تەنانەت لە مردندا جیاوازی لە نێوان کورد و پێکهاتەکانی تردا دەکەن.