ژنانی سیاسەتمەدار ئەزموون لە تێکۆشانەکانی ساکینە جانسز وەردەگرن

خەباتی شەهید ساکینە جانسز بۆ ژنان، کاریگەری لەسەر هەموو جومگە سیاسییەکان کردووە، بووەتە ڕێگای ڕۆشنکەرەوە بۆ بەشداریکردنی ژنان لە پێگە سیاسییەکاندا.

شنیار بایز

 

سلێمانی- تێکۆشانی ژنان بە گشتی و ژنانی پێشەنگی وەک ساکینە جانسز و هەریەک لە هەڤاڵانی فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز، تەواوی ژنانی هۆشیار کردووەتەوە، بەتایبەت ژنانی ناو کایە سیاسییەکان، کە لە ئێستادا درک بەوە دەکەن، ژن دەبێت هۆشیار بێت و  شوێنی خۆی لەناو سیاسەتدا بچەسپێنێت، بۆ ئەوەش پێیان وایە شوێنکەوتنی ژنە پێشەنگەکان هۆیەک دەبێت بۆ سەلماندنی خۆیان.

 

مهاباد حەمەئەمین، ئەندام و دەستەی بەڕێوەبەرایەتی تۆڕی هاوبەشی ڕێکخراوەکان و ئەندام پەرلەمانی پێشووتری یەنەکە، دەربارەی کۆمەڵکوژییە یەک لە دوا یەکەکانی ژنانی پێشەنگ و گرنگی ژنانی سیاسەتمەندار بۆ ئاڕاستەکردنی ژنان لە پێناو شوێنکەوتنی هەنگاوەکانی ژنانی پێشەنگ ڕوونیکردەوە، کە هەمیشە وەک ژنانی سیاسەتمەندار کاریان لەسەر ئەوە کردووە کاربکەن بۆ بەرزکردنەوەی پێگەی ژنان بۆ ناوەندەکانی بڕیار، تا ژنان ڕۆڵیان هەبێت لە داکۆکیکردن لە مافەکانی خۆیان لە تەواوی کایە سیاسییەکاندا، وتیشی: لە ئێستادا ژنان بە بەراورد بە ساڵانی پێشووتر زیاتر بەشداری حزبە سیاسییەکان دەکەن و ڕۆڵیان هەیە، چونکە ژنان هەوڵی بەشداریکردنیان لە کایە سیاسییەکاندا دەدەن.

 

"لە مێژووەوە تا ئێستا ژنانی تێکۆشەری کورد شەهید دەکرێن"

مهاباد حەمەئەمین لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا، وەک ژنانی سیاسەتمەندار کار دەکەین بۆ بەهێزکردنی ڕۆڵی ژنان لە تەواوی جومگە سیاسییەکانی ناو حزبەکاندا، بەڵام ئەوەی جێی داخە ژنان لە میانەی هەوڵدانیان بۆ کارکردن لە بواری سیاسی و پێشەنگایەتیان تیرۆر دەکرێن و دەکرێنە ئامانجی داگیرکەران، "لە مێژووەوە تا ئێستا بە دەیان ژنی کوردی تێکۆشەر کراونەتە ئامانج و تیرۆر دەکرێن، یەکێک لەو ژنانەش ساکینە جانسزە، کە تەواوی ژیانی خۆی تەرخانکرد بۆ تێکۆشان و دۆزی کورد، بەڵام لە کردەیەکی پلان بۆ داڕێژراودا لەگەڵ دوو هەڤاڵی دیکەی وەک فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەزدا کرانە ئامانجی دوژمنان و شەهید کران.

 

"دەبێت ژنانی سیاسەتمەندار ڕێچکەی ژنە تێکۆشەرەکانی وەک ساکینە بگرنەبەر"

مهاباد حەمەئەمین، وەک ژنێکی سیاسی داوا لە سەرجەم ژنانی ناو کایە سیاسییەکان دەکات، کە دەبێت بە ئاگابن لە خەباتیان لەناو سیاسەتدا، هەروەها درود بۆ ڕۆحی ساکینە جانسز دەنێرێت و دەڵێت: دەبێت ژنان بە گشتی و ژنانی سیاسەتمەندار بە تایبەتی ڕێچکەی هەنگاوەکانی ئەو ژنە تێکۆشەرانە بگرنەبەر لەپێناو تەواوکردنی ئەو تێکۆشانەی کە ئەو ژنانە دەستیان پێکرد، دوژمنان هەمیشە سڵیان لە ژنانی پێشەنگ کردووەتەوە، چاویان خستوونەتە سەر لەپێناو ڕێگریکردنیان و وەستاندنی تێکۆشانەکانیان، بەڵام سەرجەم تیرۆر و ڕێگرییەکان نابێتە هۆکارێک بۆ وەستاندنەوەی ژنان، بە پێچەوانەوە بەو هەوڵانە ژنانی سیاسی زیاتر و زیاتر سوور دەبن لەسەر تێکۆشانەکانیان، لەپێناو بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاددا.