ئەفغانستان، کچانی خوێندکار بە زۆر هاوسەرگیریان لەگەڵ تاڵیبان پێدەکرێت

ڕۆژنامەی "پایس"ی ئیسپانی ڕاپۆرتێکی لەسەر هاوسەرگیری زۆرەملێی خوێندکارانی تاڵیبان بڵاوکردەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

زیاتر لە ساڵێک بەسەر کۆنتڕۆڵکردنی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە تێدەپەڕێت، دۆخی ژیان بۆ ژنان قورسبووە و سنووردارکردن و قەدەغەکردنی بوارەکانی ژیان بەسەر ژنان و کچاندا سەپێنراوە.

 

فەوزییە محەمەد، ناوی خوازراوی خوێندکارێکی پزیشکییە، تەمەن ١٧ ساڵە و خەڵکی کابولی پایتەختی ئەفغانستانە، سەبارەت بە ناچارکردنی کچە خوێندکارەکان بۆ هاوسەرگیری لەگەڵ تاڵیبان وتی: تاڵیبان بە پشتبەستن بە زانیارییەکانیان کچان دەناسنەوە و فشاریان لەسەر دەکەن بۆ ئەوەی هاوسەرگیری بکەن، بۆ نمونە لە پڕێکدا بە بیانووی تاقیکردنەوە داوایان لێمکرد بچمە زانکۆ، بەڵام کاتێک چووم، کچەکان و تاڵیبانەکانم بینیوە، تێگەیشتووە کە ئەمە "تەڵە"یە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "تاڵیبان ڕایدەگەیەنێت کە خوێندکارە کچەکان مافی خوێندنیان نەماوە، ئەوانیش چەند خوێندکارێکی کچیان هەڵبژارد، لەنێویاندا من و وتیان دەبێت هاوسەرگیرییان لەگەڵ بکەین، من توانیم لەوێوە هەڵبێم و گەڕامەوە ماڵەوە، دوای ئەوەی گەڕامەوە ماڵەوە چەند کاتژمێرێک دواتر بینییان کە دەچمە ناو ماڵەوە، داوایان لە خێزانەکەم کرد هاوسەرگیری بکەم.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، بە هاوکاری خێزانەکەی لە شوێنێکی ئارام دوور لە چاوی تاڵیبان خۆی حەشارداوە و سەرەڕای لێدان و فشار لە باوکی، بەڵام ڕەتیکردووەتەوە شوێنی کچەکەی ئاشکرا بکات.

 

خەدیجە ئەمین، ڕۆژنامەنووسی ئەفغانی پشتڕاستی کردەوە کە "تاڵیبان زانیاری کەسی لە تۆمارەکانی تۆماری زانکۆکاندا بەکاردەهێنێت بۆ دۆزینەوەی ئەو ژنانە".