کۆنگرەی ستار ئیدانەی کۆمەڵکوژیی منداڵان دەکات

کۆنگرەی ستاری کانتۆنی حەسەکە لە بەیاننامەیەکدا هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و بە ئامانجگرتنی منداڵان و کۆمەڵکوژییەکانی شەرمەزار کرد.

 حەسەکە

 

دەوڵەتی تورکیا بەردەوامە لە داگیرکاری و هێرشەکانی بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و دڕندانەترین تاوانی دژ بە منداڵان و خەڵکی ناوچەکە لە چوارچێوەی پاراستنی ئاسایشی خۆی ئەنجام دەدات، ڕۆژی ١٨ی ئاب، خوێندنگایەکی کچان لەژێر چەتری نەتەوە یەکگرتووەکانی لە گوندی شەمۆکای لەسەر ڕێگای نێوان تل تەمر و حەسەکە تۆپباران کرد و لە ئەنجامدا چوار منداڵی کچ گیانیان لەدەستداو ١١ی دیکەش برینداربوون.

 

لەو بارەیه وه کۆنگرەی ستاری کانتۆنی حەسەکە لە بەیاننامەیەکدا ئیدانەی تاوانە دڕندانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیای کرد، بەیاننامەکە لە گەڕەکی نەسرەی حەسەکە لە بەردەم ناوەندی کۆنگرەی ستار لەلایەن ئەندامی سەرکردایەتی کۆنگرەی ستار شەریفە ئەحمەد خوێندرایەوە.

 

شەریفە ئەحمەد دەربارەی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا وتی: "دەوڵەتی تورکیا هێرش دەکاتە سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و دڕندانەترین تاوان دژ بە گەلەکەمان ئەنجام دەدات و منداڵانی کچ و ژنانی ناوچەکە دەکاتە ئامانج، تورکیا دەیەوێت بەم هێرشانە ئیرادەی ئێمە بشکێنێت، ئێمە وەک ڕێکخراوێکی ژنان بۆ ئازادی هەموو ژنان تێکۆشان دەکەین و داگیرکاری تێکدەشکێنین، ئێمە بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر هێرشەکانی سەر هەرێمەکانمان شەرمەزار دەکەین، مرۆڤایەتی و مافەکانی مرۆڤ بە چاوی خۆیان دەبینن کە دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر چۆن هێرشی دڕندانە لە دژی هەرێمەکانمان ئەنجام دەدات، ڕۆژانە دەیان منداڵ و ژن بە دەستی ئەردۆغان دەکوژرێن، داوا لە هەموو ژنان دەکەین بەرامبەر کردەوەکانی دەوڵەتی تورک بێدەنگ نەبن و پشتیوانی لە ژنانی ڕۆژئاوا بکەن".

 

"ئامانجی دەوڵەتی تورک زیندووکردنەوەی دەسەڵاتی عوسمانییە"

لەیلا عیزەدین ئەحمەد، ئەندامی کۆنگرەی ستاری کانتۆنی حەسەکە رایگەیاند، ئامانجی دەوڵەتی تورکیا لەو هێرشانە زیندووکردنەوەی دەسەڵاتی عوسمانییە و لە بەردەوامی قسەکانیدا وتی: "ئێمە بە هەموو جیهان دەڵێین بۆچی بێدەنگن، دەوڵەتی تورک دەیەوێت ئێمە لەناوببات و حکومەتی عوسمانی زیندوو بکاتەوە، ئێمە خاوەنی ئەم خاکەین و مافی ئەوەمان هەیە ژیانێکی پارێزراو و ئازاد بژین، بەڵام دەوڵەتی تورکیا ئاسایشی هەرێمەکە دەکاتە ئامانج و منداڵەکانمان دەکوژێت ئێمە لە کەس ناترسین، هێڵی بەرخۆدانمان هەڵبژاردووە و بەردەوام دەبین تا ئەو کاتەی داگیرکاری تێکدەشکێنین".

 

"کەس ناتوانێت بوونی ئێمە لەناوببات"

جیهان خالید، ئەندامی کۆنگرەی ستار جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا دەستکەوتەکانی ئەو شۆڕشە دەکاتە ئامانج و وتی: "ئەو دەستکەوتانەی کە بەدەستهاتوون بە ئاسانی بەدەستنەهێنراون، بە ڕەنجێکی زۆرەوە و بە خوێنی منداڵەکانمان بەدەستهاتوون، دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت بە هێرشەکانی خۆی تێکۆشانی ژنان لەناوببات و داگیریبکات، بەڵام ئەو شوێنەی بە خوێنی منداڵەکانمان ئاودراوە لەناوناچێت، ئێمە هەموو ساتێک بۆ پاراستنی ئەم خاکە لەسەر شەقامەکان دەبین و کار دەکەین، ڕێکخراوە مرۆییەکان دەڵێن ئێمە مافی مرۆڤ دەپارێزین، بەڵام بۆچی بێدەنگن کاتێک فڕۆکەکە منداڵ دەکوژێت؟".

 

بەیاننامەکە بە دروشمی "شەهید نامرن" کۆتایی هات.