بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی لە کۆبوونەوەیەکی فراواندا داوای مافەکانیان دەکەن
کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم لەژێر ناوی چاکسازیدا یەکێک لە بڕیارەکانی بڕینی موچە زیادەکان و ناشایستەکانە، کەسوکاری قوربانیانیش باس لەوەدەکەن کە بڕیارە موچەکانیان ببڕن لەکاتێکدا بەشی دەرمانەکانیان ناکات.
هەڵەبجە
پێشنوەڕۆی ئەمڕۆ لە هۆڵی میر لە شاری هەڵەبجە کەسوکاری قوربانیان و بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی کۆبوونەوەیەکی فراوانیان ئەنجامدا سەبارەت بە داواکردنی مافەکانیان و بڕینی موچە و گەڕاندنەوەی بەشە موچەیەک کە لە ماوەی ڕابردوودا پێیان دراوە.
کەژاڵ ئەحمەد، بەرکەوتەیەکی چەکی کیمیاییە، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی نوژنها داوای لە حکومەت کرد کە چاو بە یاسای چاکسازیدا بخشێنێتەوە، چونکە ئەو شایستە داراییەی بۆیان دیاریکراوە تەنها بەشی دەرمانەکانیان دەکات و ئەگەر ببڕدرێت کارەسات لە هەڵەبجەدا دروستدەبێت، ئەوەشی وت: ئێمە موچەشمان هەیە و بەڵام لەسەر حسابی خۆمان دەچینە وڵاتی ئێران بۆ دەرمان، ئەگەر حکومەت هەڵوێستی نەبێت ئەوا ڕێگەی دیکە دەگرینەبەر.
کەسوکاری قوربانیان و برینداران توڕەن و داوا دەکەن بەپەلە لایەنی پەیوەندیدار بێتە خەت، ڕازاو مەقسود، کەسوکاری بەرکەوتووانی چەکی کیمیاییە و ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە بەپەلە لایەنی پەیوەندیدار بێنە سەر خەت، چونکە ماوەی ٣٠ ساڵە بەرگە دەگرین و زیاتر بەرگە ناگرین، پێویست ناکات مینحەی ئێمە ببڕن، کۆڵ نادەین تا مافەکانی خۆمان بەدەستنەهێنین، زۆربەی نەخۆشەکان پێویستیان بە چاندنی سیە نەوەک شایستە داراییەکان ببڕدرێت.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە داوای لە حکومەت و پەرلەمان کرد بە زوویی چارەسەری کێشەکان بکات و ڕێکاری جدی بگرنەبەر.
گردبوونەوە و نارەزایی کەسوکاری قوربانیان و برینداران لە کاتێکدایە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەژێر ناوی چاکسازیدا یەکێک لە بڕیارەکانی بڕینی موچە زیادەکان و ناشایستەکانە، کەسوکاری قوربانیانیش باس لەوەدەکەن کە بڕیارە موچەکانیان ببڕن و ئەو بڕە پارەیەی پێیاندراوە لە ماوەیەکی دیاریکراودا بیگەڕێننەوە.