هەڵمەتێک بۆ کردنەوەی قوتابخانەی سەرەتایی کچان لە ئەفغانستان دەستیپێکرد

چالاکوانانی بواری ژن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەڵمەتێکیان بۆ کردنەوەی قوتابخانە سەرەتاییەکانی کچان لە ئەفغانستان دەستپێکرد.

ناوەندی هەواڵ

 

سەرەڕای فشار و ناڕەزایەتییەکان لە ئاستی هاوڵاتیان و کۆمەڵگەی مەدەنی نێودەوڵەتی، زیاتر لە ساڵێکە تاڵیبان قوتابخانە سەرەتاییەکانی کچانی لە ئەفغانستان داخستووە، بەو بۆنەیەوە چالاکوانانی ژن و بواری ژنان هەڵمەتێکیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستپێکردووە بۆ کردنەوەی قوتابخانەی کچانی سەروو شەش ساڵ.

 

حەفیزوڵا پوپل، چالاکوانێکە و لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاویکردووتەوە، "با کچان بچنە قوتابخانە، مافی خوێندن و زانست لە نیوەی خەڵکی ئەفغانستان مەسەنن"، فاتمە ئەمیری یەکێکی دیکەیە و بڵاویکردووەتەوە، "پەروەردە و فێربوون ڕووناکییە، ئەگەر دەتەوێت وڵات لەم تاریکییەی ئێستا ڕزگار بکەیت، بەشداری ئەم هەڵمەتە بکە".

 

چالاکوانێکی تری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی: "ئەگەر کچان نەچنە قوتابخانە، چۆن دەتوانن ببنە پزیشک و مامۆستا و دایکی باش؟ هەروەک چۆن پیاوان مافی خوێندنیان هەیە، ئەوانیش هەروا".

 

هاوکات سەرۆکی تاڵیبان لیژنەیەکی هەشت کەسی بە سەرۆکایەتی سەرۆکی دادگای باڵا بۆ پێداچوونەوە بە کردنەوەی خوێندنگەکان راسپارد و داوای لێکردن رەشنوسێک بەپێی شەریعەت پێشکەش بکەن.

 

داواکاری بۆ کردنەوەی قوتابخانە بۆ کچانی سەرووی شەش ساڵ تەنها لە خەڵکەوە نییە، بەڵکو هەندێک بەرپرسی باڵای تاڵیبان ڕەخنە لە حکومەت دەگرن و داوایان لێدەکەن بەبێ دواکەوتن دەرگاکان بکەنەوە، بەڵام هەمووان چاوەڕێی فەرمانی ڕێبەرەکەیان مەلا هەیبەتوڵان.