ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی خەتەنەکردنی ژنانە و ٢٠٠ ملیۆن کچ خەتەنەکراون

لە ٣٠ وڵاتی ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا کە خەتەنەکردنیان تێدا ئەنجام دەدرێت، زیاتر لە ٢٠٠ ملیۆن کچ و ژن خەتەنەکراون، ساڵانە ٤ ملیۆن منداڵی کچ خەتەنە دەکرێن، لە هەرێمی کوردستانیش لە ساڵی ٢٠١٩ بە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٨ ڕێژەی خەتەنەکردن کەمیکردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ ٦ی شوبات ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی خەتەنەکردنی ژنانە، کە ئەم ڕۆژە بە پێی بەندەکانی ١٩ و ٢٤ی ڕێککەوتننامەی مافەکانی منداڵ، پەسەندکراوی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٨٩، بڕیاری لە سەر دراوە.

 

لە ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی خەتەنەکردنی ژنان سەرجەم چالاکوانەکانی مافی ژنان و منداڵان و ڕێکخراوەکان لە وڵاتانی جیهان چالاکی جۆراوجۆر ئەنجامدەدەن لە پێناو بنبڕکردنی ئەو دیاردەیە و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە، لە ٣٠ وڵاتی ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا کە خەتەنەکردنیان تێدا ئەنجام دەدرێت، زیاتر لە ٢٠٠ ملیۆن کچ و ژن خەتەنەکراون، ساڵانە ٤ ملیۆن منداڵی کچ خەتەنە دەکرێن .

 

خەتەنەکردن بڕینی ئەندامی زاوزێی ژنانە هەموو ئەو ڕێکارانە لەخۆدەگرێت کە بریتین لە، لابردنی بەشەکی یان تەواوەتی ئەندامی زاوزێی دەرەکی ژنان یان برینداربوونی تری ئەندامی زاوزێ بە هۆکاری ناپزیشکی، هیچ سوودێکی تەندروستی بۆ ژنان و منداڵانی کچ نییە و دەبێتە هۆی خوێنبەربوونی زۆر و کێشە لە میزکردن و دواتر کیس و هەوکردن و هەروەها ئاڵۆزییەکان لە کاتی منداڵبوون و زیادبوونی مەترسی مردنی تازەلەدایکبووان شێواندنی سروشتی ئەندامەکانی جەستە.

 

ئاڵۆزییەکانی خەتەنەکردن دەتوانن بریتی بن لە، ئازار، خوێنبەربوون، ئاوسانی شانەکانی ئەندامی زاوزێ، تا، هەوکردن، کێشەی میزکردن، کێشەی چاکبوونەوەی برینەکان، برینداربوونی شانەکانی دەوروبەری ئەندامی زاوزێ، شۆک، مردن.

 

ئامارەکانی خەتەنەکردنی ژنان لە هەرێمی کوردستان

ڕێکخراوی وادی ئەڵمانی، لە ئەنجامی وەرگرتنی ڕاپرسییەک لە کەسەکان خۆیان و کەسوکارەکانیان بۆ خەتەنەکردنی منداڵی کچ، لە ساڵی ٢٠١٩ لە هەرێمی کوردستان، بەم شێوەیە ئامارەکانی بڵاوکردەوە:

لە ساڵی ٢٠١٩ سێ هەزار و ٤٧٦ ژن و منداڵی کچ-ی بینیوە، کە تەمەنیان لەنێوان ٠ بۆ ٢٥ ساڵییدابووە، لەو ژمارەیە ٣٢٤ کەسیان خەتەنە کراون، لە گەرمیان ٨٣٢ ژن و منداڵی کچی بینیوە، لەو ژمارەیەش هیچیان خەتەنە نەکراون، هەروەها لە هەولێر هەزار و ٣٣٣  منداڵی کچ و ژنی بینیوە و ١٦١-یان خەتەنە کراون، لە ڕانیە لە کۆی هەزار و ٥١١ ژن و منداڵی کچ، ١٦٣-یان خەتەنە کراون.

 

هەروەها ڕێکخراوی وادی ئەڵمانی لە ساڵی ٢٠١٨ ڕاپرسییەکی بە بەشداریی دوو هەزار و ٩٩٧ منداڵی کچ ئەنجامداوە، کە تەمەنیان لەنێوان ٠-١٨ ساڵییدابووە و لەو ژمارەیە ٣١٣ کچیان خەتەنە کراون، کە لە گەرمیان ٢٩ حاڵەت، لە هەولێر ١٢٠ و لە ڕانیە ١٦٤ حاڵەت هەبووە، زۆرترینیشیان تەمەنیان لەنێوان ٨- ١٤ ساڵی بووە.

 

بە پێی ئەنجامی ئامار و ڕاپرسییەکانی ڕێکخراوی وادی ئەڵمانی لە ساڵی ٢٠١٩ بە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٨ ڕێژەی خەتەنەکردن لە ١٠.٤٪ وە بۆ ٩.٣٪ کەمیکردووە، هەروەها ناوچەی گەرمیانیش هیچ ڕیژەیەکی تیا تۆمار نەکراوە، بەڵام هێشتا خەتەنەکردن لە هەرێمی کوردستان بەردەوامی هەیە.