لە ئەفغانستان ژنان لە دژی داخستنی قوتابخانەکان ناڕەزایەتیان دەربڕی

ژنانی پارێزگای فەرەح ناڕەزاییان دەربڕی بەرامبەر بە داخستنی قوتابخانەکانی ژنان و داوایان لە کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی کرد لە چارەنووسی ژنانی ئەفغانستان بێدەنگ نەبن.

ناوەندی هەواڵ

 

ژنانی ناڕازی پارێزگای فەرەح لە ئەفغانستان دژی داخستنی قوتابخانەکانی ژنان لەلایەن تاڵیبانەوە خۆپیشاندانیان کرد و بە دروشمی نووسراو ڕەخنەیان لە بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرت لە دژی داخستنی قوتابخانەکانی ژنان.

 

خۆپیشاندەران بە دروشمەکانی "مامەڵە کردن بە مافی پەروەردەی منداڵانەوە خیانەتە، کردنەوەی قوتابخانەی ژنان، بەسە بێدەنگی بەرامبەر تاڵیبان" داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و خەڵکی ئەفغانستان کرد ژنانی ئەفغانستان لەبیر نەکەن و لە بەرامبەر چارەنووس و داهاتوویان بێدەنگ نەبن.

 

دوای دەستبەسەردا گرتنی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە، سنووردارکردنەکان بۆ سەر خەڵکی ئەفغانستان و بەتایبەتی سنووردارکردن و سەپاندن بەسەر ژناندا زیادیکرد، ناڕەزایەتی ژنان لە دژی سیاسەتەکانی تاڵیبان سەرکوت کرا و چالاکوانان لە شارە جۆربەجۆرەکانی ئەفغانستان دەستگیرکران، ئێستا ژنان لە شوێنە داخراوەکاندا بە دەموچاوی داپۆشراوەوە کۆدەبنەوە و دۆسیە و بەرنامەی دادپەروەری ڕێکدەخەن بۆ ئەوەی دەنگیان لە جیهاندا ببیسترێت.