ژمارەی ئەو کەسانەی لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە لە زیادبووندایە

٢٧ فەلەستینی لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کرێکارانی یارمەتییە مرۆییەکان و ماڵاندا گیانیان لەدەستدا، بەگوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، ژمارەی ئەو منداڵانەی کە لەژێر چارەسەردان بەهۆی بەدخۆراکییەوە بۆ زیاتر لە چوار هەزار منداڵ زیادی کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە، ئیسرائیل بەردەوام هێرش دەکاتە سەر کەرتی غەززە، هەموو ڕۆژێک هەواڵی کۆمەڵکوژی بڵاودەبێتەوە، ژن و منداڵ لە هێرشەکاندا دەکرێنە ئامانج.

 

بەهۆی هێرشی سوپای ئیسرائیل لە ڕۆژئاوای شارەکانی ڕەفعە و خان ​​یونس لە باشووری کەرتی غەززە دژی ئەو کەسانەی کە بارهەڵگرەکانی هاوکاری مرۆیییان دەپاراست، ١٥ کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی ٣٠ کەسیش برینداربوون.

 

سەرچاوەکان ئاشکرایانکرد، کە لە هێرشەکەدا بۆ سەر ماڵی بنەماڵەی ئەللاو کە کۆچبەرانی بنەماڵەی حەباش تێیدا دەژین، ١٥  فەلەستینی گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی زۆری دیکەش برینداربوون.

 

بەگوێرەی بەیاننامەی ئیدارەی مەدەنی غەززە، ئیسرائیل دوو هێرشی جیاوازی لەسەر شەقامی بەحر لە ڕەفەح و قەزای نەسر لە مەواسیە ئەنجامداوە و ئەو کەسانەی لە هێرشەکاندا گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون، گواستراونەتەوە نەخۆشخانەکان، لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر نهۆمەکانی سەرەوەی شوقەیەک لە شەقامی جەلا لە غەززە، ٧ فەلەستینی گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی زۆر لە فەلەستینیەکان برینداربوون کە منداڵیشیان تێدایە.

 

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، لە کۆی ٣٤٦ هەزار منداڵی خوار تەمەنی ٥ ساڵ، ١٥١ هەزار منداڵ لە غەززە چارەسەری بەدخۆراکییان بۆ کراوە و لە مانگی تەمووزەوە ژمارەی ئەو منداڵانەی کە چارەسەری بەدخۆراکییان بۆ دەکرێت مانگانە چوار هەزار منداڵی تێپەڕاندووە.