ژنانی عێراق بەردەوامن لە ڕەتکردنەوەی هەموواری یاساری باری کەسێتی

لە بەغدای پایتەختی عێراق، سەدان کەس کە زۆربەیان ژن بوون، خۆپیشاندانێکیان ڕێکخست بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە هەمووارکردنی یاسای باری کەسێتی کە کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێناوە.

بەغدا

 

ڕۆژی ٤ی ئاب ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دانیشتنێکی ئەنجامدا بۆ تاوتوێکردنی پێشنیازی هەندێک مەزهەب بۆ هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩، بەڵام بەهۆی کاردانەوەکان دانیشتنەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا، دانیشتنی دووەمیش لە ١٢ی ئەیلوول بەڕێوەچوو.

 

لە چوارچێوەی هەمووارکردنەوەی یاساکەدا زۆرترین تەمەنی هاوسەرگیری بۆ منداڵانی کچ بووە بە ٩ ساڵ و کوڕان بووە بە ١٥ ساڵ، ئەمەش ڕێگە خۆش دەکات بۆ هاوسەرگیری بەزۆرو لە تەمەنێکی زوودا، مافی ژنانیش پێشێل دەکرێت لە زۆر حاڵەتی وەک سەرپەرشتیکردن، جیابوونەوەو میرات، شارەزایان دەڵێن: بە گۆڕینی یاساکە، مافی ژنان و منداڵان پێشێل دەکرێت، تائیفەگەری قووڵتر دەبێتەوە و کۆمەڵگەی عێراق هەڵدەوەشێتەوە.

 

کاردانەوەکان بەرامبەر بە هەمووارکردنی پێشنیارکراوی یاسای باری کەسێتی لە پەرلەمانی عێراق بەردەوامە، ڕێپێوانێکی بەرفراوان لە ناوچەی موتەنەبی لە ناوەڕاستی بەغدا دژی هەمووارکردنەوەی پێشنیارکراوی یاساکە بەڕێوەچوو.

 

بە لەبەرچاوگرتنی ئەو مەترسییەی کە هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی، مافەکانی ژنان و بەردەوامبوونی تائیفەگەری لە کۆمەڵگەدا دروست دەکات، دەیان ژن لە ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە پەسەندکردنی هەمووارکردنەکان لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە هاتنە دەرەوە و پانکارتیان بەرزکردەوە بۆ ڕەتکردنەوەی هەمووارکردنی پێشنیارکراوی یاساکە.

 

بەشداربووانی ناڕەزایەتییەکە ئیدانەی هەمووارکردنی پێشنیارکراوی یاساکەیان کرد و ئاماژەیان بەوەدا کە ئەگەر ئەم گۆڕانکاریانە بکرێن مافی ژنان پێشێل دەکرێن و ناکۆکی لە کۆمەڵگەدا دروست دەبێت، داوایان لە پەرلەمان کرد گۆڕینی یاساکە ڕەتبکاتەوە.

 

سەرچاوە پەرلەمانییەکان دووپاتیان کردەوە، گفتوگۆکان لەسەر ئەم هەمووارانه بەردەوامە، سەرەڕای زیادبوونی فشارە جەماوەرییەکان بۆ ڕاگرتنی پەسەندکردنیان و چاوخشاندنەوەی ناوەڕۆکەکانیان بەگوێرەی مافەکانی مرۆڤ و عێراق.