بە چاندنی نەمام و باخچەکان ڕووبەڕی سەوزایی زیاد دەکرێت

ناهیدە دابان تەمەن ٥٠ ساڵ لە کاتی قەدەغەی هاتووچۆی کۆرۆنا چوار ساڵ لەمەوبەر چەندین جۆری نەمامی چاندووە، ئاماژەی بەوەشکرد، هەوڵی زیادکردنی ناوچە سەوزەکان دەدات دژی بەبیابان بوون.

سۆرگوڵ شێخۆ

 

حەسەکە- لە سەردەمێکدا کە هێرشەکان بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا زۆرن، ژنان لە ڕێگەی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕەوە هەوڵی بێکاریگەر کردنی هێرشەکانی دوژمن دەدەن، دەوڵەتی داگیرکەری تورک هێرش دەکاتە سەر نانی گەل کە لە زێڕی زەرد واتە گەنم و گەنمەشامی پێکهاتووە، هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا ئەو دڵۆپە ئاوە دەبڕێت کە گوایە لە لایەن هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەکانەوە پارێزراوە و وەک چەکێک بەکاری دەهێنێت کە لە هەموو چەکەکان کوشندەترە، بۆ نموونە بڕینی وێستگەی ئیلۆک لە سەرێکانی داگیرکراو و بڕینی ڕووبارەکانی خابوور و زرگان و چەقچەق.

 

بێگومان بڕینی ئاو کاریگەری لەسەر کەشوهەوا دەبێت و ناهاوسەنگی لە ئیکۆلۆژی ناوچەکەدا دروست دەکات و دەبێتە هۆی بەبیابان بوون، بەپێی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، سووریا یەکێکە لە وڵاتە بیابانییەکان، لە بەرامبەر ئەم هێرشانەدا ژنان بە کەمترین ئامڕاز هەوڵ دەدەن ڕێگری لە کاریگەرییە نەرێنییەکان بکەن.

 

ناهیدە دابان دایکی ٦ کچ و ٥ کوڕە، لە تل تەمر لە کانتۆنی جزیرەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەژی، چیرۆکی خۆی بۆ گێڕاینەوە کە دەستی کردووە بە چاندنی نەمام.

 

"بیرۆکەی چاندنی نەمام لە قەدەغەی هاتوچۆوە دروست بوو"

ناهیدە دابان باسی لەوەکرد، سوودی لە قەدەغەی هاتوچۆی کۆرۆنا بینی کە چوار ساڵ لەمەوبەر ڕاگەیەندراو وتی: چاندنی نەمام کارێکی زۆر گرنگ و پیرۆزە، ماینەوە و قەدەغەی هاتووچۆ ڕاگەیەندرا، پێمان وابوو کە پێویستە کارێک بکەین کە سوودی هەبێت بۆ ئێمە، چوار ساڵ لەمەوبەر دارە بچووکەکانمان چاند، ئێستاش میوەکانیان دەخۆین.

 

"هاوسەنگی سروشت و کەشوهەوا دروست دەکات"

 ناهیدە دابان ئاماژەی بەوەکرد، ئەوانەی کە سێبەر و هەوای پاکیان دەوێت پێویستە نەمام بچێنن و وتی: دار نەمام تەنها شێوەیەک نییە، بەڵکو سێبەر و ئۆکسجینیشمان پێ دەبەخشێت، لە چەند ساڵی ڕابردوودا کەشوهەوا گۆڕاوە و پلەی گەرماش گۆڕاوە، هەڵکشاوە، زەوی وشک بووەتەوە و بیابانەکان زیاتر دەبن، دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ئاوی وێستگەی ئێلۆک و ڕووباری خابووریشی بڕیوە، بۆیە چاندنی نەمام سوودی هەیە بۆ کەمکردنەوەی گەرما و ئێستا ئێمە بە ئاوی ئەو بیرە خوێیانەی کە لێدراون نەمامەکانمان ئاو دەدەین، لە تەنیشتیەوە باخچەیەکی هاوینەمان چاندووە لە تەماتەو باینجان و بامیە و بیبەر و خەیارە، گرنگی بەوە نادەین کە دوژمن چی دەکات، دەتوانین خۆمان بەڕێوەببەین و خۆمان دروست بکەین.

 

"پێویستە حەوشەکان سەوز بکرێن و نەهێڵین هەرێمەکەمان ببێتە بیابان"

ناهیدە دابان ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە ژنان و کۆمەڵگە بەگشتی حەوشەی ماڵەکانیان سەوز بکەن لەپێناو کەمکردنەوەی ڕووبەری بەبیابان بوون و وتی: با باخچەیەکی بچووک بێت، بەڵام با سەوز بێت، تەنانەت ئەگەر تۆوێکیش بچێنیت، سبەی درەختێکی گەورەت پێدەبەخشێت، پێویستە ژنان حەوشەکانیان بچێنن و دەوروبەریان سەوز بکەن، خاکەکەمان گۆڕاوە بۆ بیابان، هەموو ئەمانەش کاریگەرییان هەیە، با ئەوانەی بیریان هەیە لە دروستکردنی ژینگەیەکدا بەکاری بهێنن کە خزمەت بە مرۆڤ و ئاژەڵان بکات.

 

"نیشتمانەکەت خۆش بوێت و خزمەتی وڵاتەکەت بکە"

لە کۆتایی قسەکانیدا ناهیدە دابان ئاماژەی بەوەدا، پێویستە گیانی هاودەنگی و هاوکاری نێوان گەل و خۆبەڕێوەبەری بەهێز بکرێت و وتی: پێویستە خۆشەویستی وڵاتەکەمان بین، لێرە بمێنینەوە چونکە وڵاتانی دەرەوە خزمەت بە ئێمە ناکەن بەرژەوەندییەکان نابێ چاوەڕوانییەکانیان بەجێبهێڵین هەرچەندە بیکەین، نابێت پەشیمان ببینەوە، چونکە ئێمە خزمەت بە زەوییەکانمان دەکەین، با یارمەتی یەکتر بدەین و واز لە گلەییکردن بێنین، ئێمە و شارەوانییەکانمان هاوکاری یەکتر بکەین و دەوروبەر سەوز بکەین، گرنگترین شت ئەوەیە کە نەهێڵین خاکەکەمان وشک بێتەوە و ئەگەر حەزت لە دەنگی باڵندە و هەنگە، دار و گوڵ بچێنە.