لە دژی خیانەت داوای هەڵوێستی ژنان و پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی دەکرێت

کۆردیناسیۆنی کەژەکە، لە دژی خیانەتەکانی پەدەکە، بانگەواز لە تەواوی گەلی کورد دەکات، کە تێکۆشان گەورەتر بکرێت و هەنگاوەکانی پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی خێراتر بکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆردیناسیۆنی کۆمەڵەی ژنانی کوردستان "کەژەکە"، ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی هێڕشی سەر بارەگای نوێنەرایەتیی کەنەکە و هێڕشی سەر فڕۆکەخانەی عەربەت لە سلێمانی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لە دژی دەوڵەتی داگیرکەریی تورک و پەدەکە، کە لەسەر هێڵی خیانەت کاردەکات، وەک ژنان دەبێت بڵێین بوەستن، ڕێگە بە قڕکردنی کوردان و خیانەتی پەدەکە نەدەین، تێکۆشانی خۆمان گەورەتر بکەین و ناسنامەی خۆمان بپارێزین.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەی کۆردیناسیۆنی کەژەکەدا هاتووە:

لە ١٧ی ئەم مانگە لە هەولێر هێڕش کرایە سەر نوێنەرایەتی کەنەکە لە باشووری کوردستان، هەڤاڵ دەنیز جەودەت شەهید بوو، لەهەمان کاتدا هێرش کرایە سەر فڕۆکەخانەی عەربەت لە سلێمانیی و سێ پێشمەرگەی دژە تیرۆری یەنەکە شەهید بوون، بۆیە بە ڕێزەوە یادییان دەکەینەوە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەکانیان و گەلی کورد دەکەین، دەبێت بزانرێت کە ئە هێرشانە بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکەین و بە بەردەوامیدان و گەورەکردنی تێکۆشان لێپرسینەوە لە هێڵی خیانەت و سیاسەتیی لەناوبردنی کوردان دەکەین.

 

هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانە لە سلێمانی تەنها بۆ بەرفراوان کردنی ئامانجەکانی دەوڵەتی داگیرکەریی تورکە، کە بە هاوکاریی و سیخوڕی پەدەکە لە تەواوی باشووری کوردستاندا بڵاوبووەتەوە، بۆ ئەوەی ئەو هێزانەی ناسنامەی خۆی هەیە و تێکۆشانی خۆیان هەیە ڕادەستی دەوڵەتی تورک ببن، هەنگاوێکی هێرشی دەستیپێکرد، ئەو هێراشانەی لە چەند ڕۆژێکدا، لە ڕۆژئاوا، شنگال، برادۆست، سلێمانی و هەولێر کراوە، دەرئەنجامی ئەو هەنگاوەیە، پەدەکەش لە زاپ و مەتینا بووە بە ڕێنیشاندەری هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵوتی داگیرکەریی تورک دەکات، لەماوەی ڕابردووشدا هەوڵی دەدا لە سنوورەکانی گەریلا لە ناوچەی برادۆست نزیک ببێتەوە و شەڕ دەستپێبکات، لای ئێمە ڕوونە سەرچاوەی ئەم هەوڵانەی پەدەکە دەوڵەتی تورکە، بەتایبەت دوای سەردانی هاکان فیدان بۆ عێراق و باشووری کوردستان، ئەو هێرشانە دەستیپێکرد.

 

پەدەکە هاوکاری دەوڵەتی تورک دەکات بۆ هێرشەکان

دەوڵەتی داگیرکەریی تورک، لە هەوڵی لەناو بردنی گەلی کورد دەدات، پەدەکە و بنەماڵەی بارزانیش لە دژی ناسنامە و نەتەوەی کورد هاوکاریی ئەو هەوڵە دەکات، دەبێت گەلی کورد لە دژی ئەو هێرشانە و هاوکارییەکانی پەدەکە و بنەماڵەی بارزانیی هەڵوێستییان هەبێت و خەباتی خۆیان گەورەتر بکەنەوە و هەنگاوی پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی خێراتر بکەنەوە، ئەم هێرشانە بەمەبەستی لەناوبردنی دەستکەوتەکانی ٥٠ ساڵی ڕابردووی کوردە، دەوڵەتی تورک لە هێرشە قڕکارییەکانیدا و هاوکاری پەدەکەش لە خیانەتدا گەیشتوونەتە دوا رادەی خۆیان، دەبێت گەلەکەمان و ژنانی کورد هەڵوێستیان هەبێت لە دژی پەدەکە کە لە دژی گەلەکەی خۆی، لە دژی گەریلاکان کە شکۆی کوردایەتی دەپارێزن، لە دژی دامەزراوە دیموکراتییەکان و حزبەکان شەڕ دەکات، دەستکەوتە کوردستانیەکان هەڵدەوەشێنێتەوە و پێشکەشی دوژمنیان دەکات، باشووری کوردستان، هەولێر، کەرکوک ماڵی کەس نییە، ماڵ و موڵکی بنەماڵەی بارزانی نییە، چارەنووسی گەلی کورد، ژنانی کورد، چارەنوسی کوردستان بە هێڵی خیانەت دیاری ناکرێت، لە دژی خۆبەدەستەوەدان و خیانەت، کات کاتی بەرخودان و سەرکەوتنە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، ئامانجێکی دیکەی ئەم هێرشانە گەلانی عێراقە، دەیانەوێت پڕوپاگەندە و ناکۆکی ناوخۆیی لە کەرکوک، شنگال، مەخمور، سلێمانی و هەولێر دروستبکەن، ئەمە پلانی دەوڵەتی داگیرکەریی تورکە کە دەیەوێت لە بااشووری کوردستانەوە دەستپێبکات و هەندێک ناوچەی عێراقیش داگیربکات، دەوڵەتی فاشیستیی تورک دەڵێت ئێمە لە دژی گەلی کورد و عێراق شەڕ ناکەین، بەڵکو لەگەڵ پەکەکە شەڕ دەکەین، بەو شێوەیە هەوڵەدەدات پیلانە پیس و چەپەڵەکانی درێژە پێبدات، تەڤگەرەکەی ئێمە بۆ پێکهێنانی یەکێتیی دیموکراتی گەلانی کوردستان و عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێکۆشانی خۆی دەکات، ئەوەی دەشبێت بە ڕێگر دەوڵەتی تورک و هاوکارەکانییەتی، بۆیە دەبێت سەرانی دەسەڵات لە عێراق و گەل لە دژی ئەم پیلانە هەڵوێست بنوێنن.

 

دەبێت ژنانی کورد ڕۆڵی مێژوویی خۆیان بگێڕن

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی لە کوردستان وەک فەلسەفەیەکی ژیانی نوێ و ژنی ئازاد بەرەوپێش چووە، ئەو فەلسەفەیە بە جیهانی بووە، کۆڵەکەی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتیک لە کوردستان پشت بە ئیرادەی ژنان دەبەستێت، لە دژی فاشیزمی دەوڵەتی تورک و پەدەکە کە وەک هاوکار و داردەست لەسەر هێڵی خیانەت ڕێدەکات، دەبێت ئێمەی ژنان بڵێین بوەستە و تێکۆشانی خۆمان گەورە بکەین، لە بەرامبەر ئەو هێرشانە بۆ سەر ژیان، نەتەوە و ناسنامە، دەبێت ئێمە لە هەموو شوێنێک بە ئیرادەی رێکخستنکراوی خۆمانەوە تێبکۆشین، لە دژی پلانەکانی لەناوبردنی کوردایەتی، دەبێت وڵات و ناسنامەمان بپارێزین و رێگە بە خیانەت و جینۆساید نەدەین ،داوا لە ژنانی کورد، کرێکاران، گوندنشینان، ڕۆشنبیران، ژنانی ئەکادیمی لە هەموو پارچەکانی کوردستان و دەرەوەی وڵات دەکەین کە لە قۆناغێکی مێژوویی بەم جۆرەدا، قۆناغی تێکۆشانی هاوبەش بەرەوپێش ببەن و ڕۆڵی مێژوویی خۆیان بگێڕن، دەبێت ژنانی کورد رۆڵی مێژوویی خۆیان بگێڕن و کارێک بکەن کە مێژوو دووبارە نەبێتەوە، هەربۆیە بانگی هەموو هێزە کوردستانییەکان و هەروەها ژنانی کورد دەکەین، کە لە سەر هێڵی بەرخودان گوڕ بە تێکۆشان بدەن و یەکێتیی کوردستانی ئازاد پێکبهێنن.