ئەو منداڵانەی بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە: بیری خوێندنگەکانمان دەکەین

ئەو منداڵانەی کە ماڵەکانیان لە شاری تەحناوت لە مەغریب زیانیان بەرکەوتووە ئاماژەیان بەوەکرد، زەحمەتە لە چادردا بژین بیری خوێندنگەکانیان دەکەن.

ڕەجا خەیرات

 

مەغریب- لە ٨ی ئەیلوول، بوومەلەرزەیەک بە پێوەری ٧ پلە لە ناوچەی ئەلحوز لە مەراکیشی مەغریب زیانی گەورەی بەدوای خۆیدا هێناو بەپێی دوایین زانیارییەکان، دوو هەزارو ٩٤٦ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٦ هەزارو ١٢٥ کەسیش برینداربوون، لە پێنج ناوچە نزیکەی ٥٠ بینا بە تەواوی وێران بوون یان بەشێکیان وێران بوون.

 

هەروەها ئەو کەسانەی بوومەلەرزە زیانی بە ماڵەکانیان گەیاندووە لە چادرو خوێندنگەو یاریگاکانی شاری تەحناوت نیشتەجێکراون، زیانلێکەوتووا کە هەموو پێداویستییەکانیان دابین نەکراوە ناچارن بچنە ماڵە وێرانبووەکانیان جلوبەرگ و بەتانی و پێداویستییەکانیان ببەن.

 

"ناچارم لە ماڵە زیانلێکەوتووەکەم خواردن ئامادە بکەم"

لەتیفە ئەیت ئەوفقیر، ئاماژەی بەوەکرد، ژیان لە چادرەکاندا قورسە و بۆ بەدەستهێنانی ئەو کەلوپەلانەی پێویستیان پێیەتی دەچنەوە ناو ماڵە زیانلێکەوتووەکانیان، وتی: هەرچەندە مەترسیدارە، من دەچمەوە ماڵەوە، خواردن ئامادە دەکەم، ئێواران بە خواردنی کەم خۆمان تێر دەکەین.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، دەیانەوێت بگەڕێنەوە ماڵەکانیان و ژیانیان ئاسایی بکەنەوە و وتی: لەبەر ئەوەی هێشتا خوێندنگەکان نەکراونەتەوە، نازانین بارودۆخی منداڵەکانمان چۆن دەبێت، لە هەندێک ناوچەدا، خوێندکاران لە چادرەکاندا فێر دەبن، لە شاری تەحناوت هێشتا منداڵان لە خوێندن بێبەشن.

 

"زۆر بیری خوێندنگەکەم دەکەم"

نیهاد ئید ئۆبلال، خوێندکاری پۆلی ٨، ئاماژەی بەوەکرد، ناتوانێت بچێتەوە بۆ خوێندن لەبەر ئەوەی هیچ خوێندگەیەک نییەو وتی: بیری خوێندنگەکەم دەکەم، تەنانەت ئەگەر خوێندنگتە بکرێتەوە، من ناتوانم بچم بەهۆی بوومەلەرزەکەوە. ئەگەر ئەمە بەردەوام بێت، ئێمە لە خوێندن بێبەش دەبین.

 

"دەمەوێت بگەڕێمەوە بۆ ماڵەوە و بچم بۆ خوێندنگە"

عەبدولڕەحمان ئید بن یوسف، خوێندکاری پۆلی ٩، تیشکی خستە سەر سەختی ژیان لە چادرەکاندا و ئاماژەی بەوە کرد کە دوو خەونی هەیە، یەکێکیان ئەوەیە بگەڕێتەوە ماڵەوەو ئەوی دیکە بۆ خوێندنگە،  سەبارەت بە کاتی بوومەلەرزەکە، وتی:

لە ژوورەکەی خۆمدا ڕاکشابووم، لەناکاو گوێم لە دەنگێکی بەرز بوو، سەرەتا پێم وابوو بوومەلەرزەیەکی بچووک بوو، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات قورس بوو، هەندێک کۆنکرێت لە سەقفی ماڵەکەمانەوە کەوتە سەر شانم، بەڵام هیچ زیانێکم پێنەگەیشتووە، پاشان لەگەڵ خێزانەکەم چوومە دەرەوە.

 

"دەمەوێت بەردەوام بم لە خوێندن"

خەدیجە لەشکر، خوێندکاری پۆلی ٧ ئاماژەی بەوەکرد، هەندێک لە خزمەکانیان لە بوومەلەرزەکەدا گیانیان لەدەستداوەو ماڵەکەیان بە تەواوی وێران بووە، وتی: یارمەتی زیاتر نێردراوە بۆ گوندەکانی هەرێمی حوز، هیچ کەسێک بیری لە تەحناوت نەکردووەتەوە، ساڵی ڕابردوو بەهۆی خێزانەکەم وازم لە خوێندن هێنا، نامەوێت ئەمساڵ لە هەمان دۆخدا بژیم.

 

زەینەب واکریم، قوتابی پۆلی دووی ئامادەیی کە لەگەڵ خێزانەکەی لە چادردا دەژی، ئاماژەی بەوەکرد، دڵتەنگ بوو کە نەیتوانی بچێت بۆ خوێندنگە، هەرچەندە ئەوە مەترسیدارە، بەڵام هەندێک جار ناچار بووە بگەڕێتەوە ماڵەوە.

 

بۆ پەروەردە خەبات بەردەوامە

کاربەدەستانی خوێندنگەی ئیبن حەبوسی سەرەتایی ڕایانگەیاند کە چوار پۆل لەگەڵ سێ مامۆستا ئامادەکراون بۆ وانە وتنەوە بەمەبەستی دەستپێکردنەوەی خوێندن، پۆلەکان بە شێوەی چادر و کابینە دروست دەکرێن.

 

هەروەها ژنانی زیانلێکەوتووی بوومەلەرزەکە ئاماژەیان بەوە کردووە کە چادرەکان لەگەڵ بارودۆخی وەرزەکەدا گونجاو نین و لەگەڵ هاتنی زستان ژیان لە چادرەکاندا قورستر دەبێت.