لە سویسرا ژنان لە مانگرتندان؛ دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بەرز کراوەتەوە

لە سویسرا سەدان هەزار ژن هاتوون داوای وەستاندنی توندوتیژی سێکسی، زایەندپەرستی، کوشتنی ژنان و نایەکسانی کرێ و بەرزکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی دەکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

لە سویسرا لە ١٤ی حوزەیران مانگرتنێکی فێمینیستی بەڕێوەچوو و سەدان هەزار ژن لە سەرانسەری وڵاتەکەدا بەشدارییان کرد و دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کرایەوە.

 

بەگوێرەی یەکێتی کرێکارانی سویسرا "USS" ، سەدان هەزار کەس لە شارە گەورەکانی سویسرا هەموویان بە بۆنەی مانگرتنی ژنان بۆ پاراستنی مافەکانیان چوونەتە مەیدانەکان، سەرەکیترین داواکاری بۆ ژنان کرێی یەکسان بوو، یەکێتییەکە ڕۆژی چوارشەممە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، زیاتر لە ٣٠٠ هەزار کەس بەشدارییان لە مانگرتنەکەدا کردووە، بەگوێرەی پۆلیسیش، ٢٥ هەزار کەس بەشدارییان لە مانگرتنی فێمینیستی لە لۆزان کردووە، هەروەها ڕێکخەران ڕایانگەیاندووە، ٤٠ هەزار کەس لە خۆپیشاندانەکاندا بەشدارن.

 

مانگرتنی ژنان کاریگەری لەسەر شەقامەکان تا پەرلەمان دروستکردووە

چوار ساڵ بەر لە ئێستا، لە ١٤ی حوزەیرانی ٢٠١٩، لەدوای مانگرتنی گشتی ساڵی ۱۹۱۸ەوە گەورەترین بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی ڕوویداوە، بەگوێرەی ڕێکخراوی USS، نیو ملیۆن کەس لە ساڵی ٢٠١٩دا بەشدارییان لە مانگرتنەکەدا کردووە، شەپۆلە مۆرەکە، ڕەنگی مانگرتنی ژنان، سەرەتا کاریگەری لەسەر شەقامەکان کرد، پاشان کاریگەری لەسەر پەرلەمان کردووە لە کاتی هەڵبژاردنی فیدراڵیدا، چونکە پێشتر ژنان بۆ پەرلەمان هەڵنەبژێردرابوون.

 

لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا؛ هەندێک هەنگاو نران بۆ ڕێگری لە دەستدرێژی سێکسی، توندوتیژی خێزانی، مۆڵەتی دایک و باوک و پزیشکی زایەندی لە چاکسازی لە یاسای سزادان.

 

بەڵام ئەو ژنانەی پێشەنگایەتی مانگرتنەکە دەکەن دەڵێن هێشتا هۆکاری زۆر ماوە بۆ بەردەوامی هەنگاوەکان، وەک بەرزکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی، زایەندپەرستی، توندوتیژی سێکسی، کوشتنی ژنان، نایەکسانی کرێ، ڕەگەزپەرستی بنەڕەتی، پارەدان بە سەنتەرەکانی چاودێری منداڵان، جیاکاریی ھاوڕەگەزخوازی و مافی لەباربردن.