تەقینەوەی گرکانێک مەترسی لەسەر ژیانی هەزاران کەس دروستدەکات

بەپێی توێژینەوەیەک مەترسی دروستبوونی تەقینەوەی گڕکانی هەیە کە کاریگەری لەسەر هەزاران کەس دەبێت و توێژەرێکیش دەڵێت، "ئێمە ناڵێین تەقینەکە ڕوودەدات، بەڵکو دەڵێین بارودۆخەکان بۆ ئەوەی ڕووبدات بەهێزتر دەبن".

ناوەندی هەواڵ

 

ئەنجامی توێژینەوەیەکی ئینگلیزی–ئیتاڵی کە دوێنی لە گۆڤاری پەیوەندییەکانی زەوی و ژینگەدا بڵاوکراونەتەوە، دەریخستووە، مەترسی تەقینەوەی گڕکانێک لە ناوچەی کامپۆ فلێگری (فیڵگرێی فیڵدز) لە نزیک شاری ناپۆلی ئیتاڵیا هەیە، کە تا ئاستێکی بێ وێنە و مەترسی لەسەر نیو ملیۆن کەس دروستکردووە،

 

دوایین تەقینەوەی گڕکانی کامپۆ فلێگری نزیکەی دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر پۆمپیای لەسەر نەخشە سڕییەوە، چونکە ئەم چالاکییە گڕکانانە سەدان هەزار کەس دەخاتە بەر لافاوێکی لاڤا و خۆڵەمێش و بەردەوە.

 

کریستوفر کیلبورن، توێژەر کە سەرپەرشتی توێژینەوەکە دەکات لە زانکۆی "UCL"ی بەریتانی دەڵێت: "ئێمە ناڵێین تەقینەوەیەک ڕوودەدات، بەڵکو دەڵێین بارودۆخەکان بۆ ئەوەی ئەو ڕووداوە ڕووبدات بەهێزتر دەبن بەپێی کات"، ئەم گڕکانە وزەیەکی هێندە بەهیزی لەخۆگرتووە، کە بەپێی هەندێک گریمانە، تەقینەوەی ٣٠ هەزار ساڵ لەمەوبەری بووەتە هۆی لەناوچوونی نیاندەرتاڵەکان.

 

ئەم بوومەلەرزانە کە لە ساڵی ٢٠١٩ەوە ژمارەیان زیادی کردووە، چینەکانی ژێر زەوی ناسەقامگیری کردووە و ناوچەی پۆزۆلی کە گڕکانەکە لەسەری هەڵکەوتووە بەدرێژایی دەیان ساڵ چوار مەتر بەرزبووەتەوە، توێژەران ئاماژە بەوە دەکەن، کاریگەرییەکانی چالاکیی گڕکانەکان "کەڵەکەبوو"ن، بۆیە پێویست ناکات چڕی ئەم چالاکییە بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش زیاد بکات بۆ ئەوەی ئەگەری تەقینەوەی گڕکانەکان زیاد بکات.

 

ستیفانۆ کارلینۆ، هاوکار لە نووسینی توێژینەوەکە، ڕوونی دەکاتەوە: "ئەگەر نەتوانین بە دڵنیاییەوە پێشبینی ئەوە بکەین کە چی ڕوودەدات، گرنگ ئامادەکارییە بۆ هەر ئەگەرێک.

 

جێی ئاماژەیە، بەهۆی گڕکانەکەوە نیو ملیۆن کەس لە ناوچەیەکی مەترسیداردا دەژین و ٨٠٠ هەزار کەسی دیکە لە ناوچەیەکی کەمتر مەترسیداردا دەژین، لە ئەگەری زەنگی ئاگادارکردنەوە، دەسەڵاتە ناوخۆییەکان پلانیان هەیە بە گواستنەوەی گشتی دانیشتووان و هەموو مانگێکیش ئاستی ئاگادارکردنەوە (سەوز، زەرد، پرتەقاڵی، سوور) پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت.