دۆخی کرێکاران لە ماوەی ساڵێکدا؛ ژنانی کرێکار هەرزانترین هێزی کارن لە ئێران

لە ساڵێکی ڕابردوودا لانیکەم ٥١٠ کرێکار بە هۆی ڕووداوی کارەوە گیانیان لەدەستداوە و بارودۆخی ژنانی کرێکار لە ئێران زۆر خراپترە لە دۆخی پیاوان.

ناوەندی هەواڵ

 

لە سەروبەندی ڕۆژی جیهانی کرێکاران، ئاژانسی هەواڵی هارانە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی سەبارەت بە دۆخی کرێکارانی ئێرانی بڵاو کردەوە. کە تیایدا بەدواداچوونی ٢ هەزار و ٣١٤ ڕاپۆرتی کرێکاری کە لەلایەن میدیاکان یان ڕێکخراوە چالاکەکانەوە بڵاوکراونەتەوە، کۆکراونەتەوە لەماوەی ساڵێکی ڕابردوودا، دەرکەوتووە، لانیکەم ٣ هەزار و ٥٧٦ کرێکار بەهۆی ڕووداوی کارەوە گیانیان لەدەستداوە یان بریندار بوون.

 

بە پشتبەستن بە ٦ ڕاپۆرتی فەرمی، بەرپرسان ڕایانگەیاندووە کە ٢ هەزار و ٣٣٣ کرێکار بریندار بوون، جگە لەوەش ٧٣٣ ڕاپۆرتی دیکە لەلایەن ڕێکخراوە مەدەنی یان کرێکارییەکانەوە کۆکراونەتەوە، تیایاندا هاتووە، بە پێی ئەو ڕاپۆرتانە لانیکەم ٥١٠ کرێکار لە کاتی ڕووداوی کاردا بریندار بوون و گیانیان لەدەستداوە.

 

ئێران لە ڕیزبەندی ١٠٢ەمین دایە لەناو وڵاتانی جیهان لە ڕووی پابەندبوون بە پرسەکانی سەلامەتی کارەوە کە ئەمەش پلەیەکی زۆر نزمە، کۆمەڵگەی کرێکاری لە ئێران جگە لە سەلامەتی ژینگەی کار، لە باسکردنی مووچە و حەقدەست، کێشەی سەندیکای کرێکاری، پاشەکەوتی حەقدەست و هەروەها مافی پێکهێنانی سەندیکای کرێکاری، کێشەوگرفتی زۆریان هەیە، ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی مانگرتن و ناڕەزایەتی کرێکاران لە ساڵی ڕابردوودا.

 

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ناڕەزایەتی کرێکاران لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی خەڵکی ئێران لە دژی ڕژێمی ئیسلامی زیاتر بووە.

 

یەکسانکردنی ئەقدەستی ژنان، زیادکردنی سەبەتەی هاوکاری بۆ کرێکاران، قەدەغەکردنی کاری منداڵان و دابینکردنی خوێندنی بێبەرامبەر بۆیان، دانانی بەرزترین ئاستی ستانداردی سەلامەتی لە ژینگەکانی کارکردن، لابردنی یاسا جیاکارییەکان بۆ ژنان و کرێکارانی کۆچبەر لە داواکارییەکانی کرێکارانن.

 

ئەمەش لەکاتێکدایە کە ژنانی کرێکار بە هەرزانترین هێزی کار لە ئێران دادەنرێن، دۆخی دامەزراندنیان لە چاو پیاوان خراپترە و لە هەمان کاتدا کەمتر پارێزگاری یاسایی و ماف و ئیمتیازاتیان هەیە.

 

هەروەها دۆخی ژنانی کرێکار لە وەرشە بچووکەکاندا زۆر خراپترە و نیوەی کرێکارانی ناو کورەکان ژنن، کە لە بارودۆخێکی ماندووکردندا کار دەکەن، تەنانەت لە هەندێک حاڵەتدا ژنانی گەنج بە بەڵێنی ئەوەی هەرگیز هاوسەرگیری نەکەن و دووگیان نەبن، دادەمەزرێن.