دەستەی كەشناسی عێراق: بوومەلەرزەکان درێژبوونەتەوە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان

دەستەی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی عێراق ڕاپۆرتێكی لەبارەی بوومەلەرزەكانی باکووری کوردستان و توركیا، ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا و لەسەر هەرێمی كوردستان و عێراق بڵاوكردەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ڕاپۆرتێکدا دەستەی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی عێراق ئاشکرایکردووە کە چاودێری ڕووداوەكانی بوومەلەرزە و گوڕەكانیان كردووە لە نێوان ڕۆژانی ٦ تا ١٣ی شوبات و تیایدا ئاماژە بەوەكراوە، لەدوای ئەو دوو بوومەلەرزە بەهێزەی باکووری کوردستان و تورکیای گرتەوە، بە سەدان بوومەلەرزەی تر لە پاشیانەوە بە پلەی جیاواز جیاواز ڕوویانداوە كە هەندێكیان گوڕەكانیان بەرزبووە.

 

دەستەکە ڕاشیگەیاندووە، ئەو بوومەلەرزانە درێژبوونەتەوە بە بەهێزی بۆ سەر خاكی عێراق و تۆماركراون، هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان و بەشێك لە پارێزگاكانی تری عێراق بەتایبەت بەغدا هەستیان پێكردووە.

 

دەربارەی گوڕی بوومەلەرزەکان ئاماژە بەوەکراوە کە بە گوڕی جیاواز لەنێوان ٢.٢ و ٧.٨ پلەی ڕێختەردا بوون، بەڵام هیچ زیانێكی ماددی و گیانی بەهۆیانەوە لە عێراق تۆمار نەكراون.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە كە لە سەرەتای دەستپێكردنی بوومەلەرزەكانەوە لەسەر ڕاسپاردەی دەستەی گشتی لیژنەیەكی شانەی قەیرانەكانیان پێكهێناوە و بەردەوام چاودێری ڕەوشەكەیان كردووە، شیكردنەوەیان بۆ كردووە و لایەنە پەیوەندیدارەكانیان لێ ئاگادار كردووەتەوە لە هەر گۆڕانكارییەك كە ڕوویدابێت.