لە گوندێکی مەلاتیا هیچ بینایەکی ساغ نەماوە و هەمووی ڕووخاون

دانیشتوویەکی گوندی چگلیک لە شاری مەلاتیا دەڵێت: نە بەرپرسانی دەوڵەت و نە تیمەکانی ئافاد نەهاتوون هاوکاریمان بکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات لە باکووری کوردستان هەموو باڵەخانەکانی گوندی چگلیکی لە ناوچەی دۆغانشەهیر لە پارێزگای مەلاتیای وێران کرد.

 

ڕزگاربووانی بوومەلەرزە لەو گوندە لە کەشوهەوایەکی ساردا بەدوای پەناگەدا دەگەڕێن، دانیشتوانی ناوچە گوندنشینەکان ڕاگەیاندووە، هیچ بینایەک لە ناوچەکە و گوندەکاندا نەماوە و ڕووخاون، ئەوان ڕایانگەیاند کە ژمارەی چادرەکان لە تەواوی ناوچەکە نزیکەی ١٠٠ چادرە، هیچ خواردن و خواردنەوە و پێداویستییەکی سەرەکیشیان بۆ دابین نەکراوە.

 

هاوڵاتییەکی دانیشتووی شاری دۆغانشەهیر، کە ماڵەکەی داڕماوە وتی: ئێمە لە گوندی چگلیک لە دۆغانشەهیر دەژین، تەواوی شارۆچکەکە وێرانە، لێرە کەس نییە یارمەتیمان بدات، ئێمە کارەبامان نییە، خواردنمان نییە، ناتوانین بچینە ناو ماڵەکانمانەوە، چونکە زیانی پێگەیشتووە، لە دەرەوە چێشتخانەیەکمان هەیە لەوێ دەمێنینەوە، هەروەها کەسانی دیکەش لە دەرەوە وەردەگرین، کەس نەهاتووەتە ئێرە بۆ ئەوەی یارمەتیمان بدات، نە بەرپرسانی دەوڵەت و نە تیمەکانی ئافاد نەهاتوون.