لە دووەم ڕۆژیدا کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی باکوور و ڕۆژئاوا بەردەوامە

کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ کەمپەینی "هاوخەمتانین" لە دووەم ڕۆژیدا بەردەوامە و ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان کەلوپەلەکانیان بردووە، بەو ئامانجەی بتوانن پاڵپشتی کوردانی باکوور و ڕۆژئاوا بن.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ، ٨ی شوبات دووەم ڕۆژی کەمپینی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستانە لە ئەمنەسورەکەی شاری سلێمانی، کەمپینەکە بە سەرپەرشتی دەزگای میدیای کوردسات، ڕێکخراوی سی دی ئۆ، ڕێکخراوی منداڵپارێزی ئەمریکی، ڕێکخراوی هێریزۆن بەڕێوەدەچێت و ڕۆژانە لە کاتژمێر ٩ی بەیانی بۆ ٩ی شەو هاوکارییەکان وەردەگیرێن.

 

"کوردان هەمیشە یەکگرتوون"

لە باشووری کوردستانەوە هاوڵاتیان هەڵوێستی خۆیان نیشانداوە بە کۆکردنەوەی پێداویستییەکان و ئەو هاوکارییانەی بۆ کەمپینەکەیان بردووە، ڕاژان ساماڵ، ئەندامی ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان، کە وەک یەکێک لە ڕێکخراوەکانی کەمپەکە بەشداریانکردووە، ڕوونیکردەوە، هەموو جۆرە پێداویستییەک لەلایەن هاوڵاتیانەوە گەیەندراوەتە کەمپەینەکە، هاوڵاتیان بۆ خۆشیان هەڵوێستی باشیان نواندووە بۆ هێنانی شتومەکەکانیان.

 

وەک باسی لێوەکرد، کەلوپەلەکان شتانی بەسودن و هاوڵاتیان لە شوێنی ڕووداوەکان دەتوانن سودی لێوەربگرن، وتیشی: هەڵوێست وەرگرتنی خەڵکی باشوور و هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووانی بومەلەرزەکە پێویستە بۆ ئەوەی بسەلمێنرێت کورد هەمیشە یەکگرتووە.

 

"کۆکردنەوەی ئەو ڕێژە زۆرە هاوکارییە دەرخەری یەکگرتووی گەلی کوردە"

نور سابر، ئەندامی منداڵپارێزی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا وەک لیژنەی کۆکردنەوەی هاوکارییەکان تەواوی ئەو هاوکاریئانەی بەدەستیان دەگات تۆماری دەکەن و بە شێوازێکی گونجاو ڕێکیان دەخەن، بۆ ئەوەی کەلوپەلەکان تێکەڵ نەبن و بە باشترین شێواز بگەنە دەستی هاوڵاتیان لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان، دەشڵێت: بە ڕێژەیەکی زۆر لە هەموو جۆرە کەلوپەلێک هاوڵاتیان هاوکارییەکانیان دەگەیەننە کەمپەینەکە، بەو ئامانجەی بتوانن هاوکاری تاک بە تاکی زیانلێکەتووان بدەن،

 

نور وتیشی: هەستی مرۆڤایەتی لە ناو کورددا هەیە، بە شێوەیەک لە هەر جێگەیەکی کوردستان ڕووداوێک ڕووبدات کوردانی پارچەکانی تر پاڵپشتی دەکەن، ئەو هاوکارییانەی لەلایەن هاوڵاتیانەوە بۆ کەمپەینەکە هاتوون دەرخەری ئەو ڕاستەین کە نەتەوەی کورد هەمیشە پاڵپشتی یەکتربووە و لە دۆخە نا هەموارەکاندا یەکتر بەجێناهێڵن.

 

"هاوکاریکردنی کوردان ئەرکی هەموو تاکێکی کوردە"

سۆیبە عەلی، وەک هاوڵاتییەک کە هەندێک کەلوپەلی بۆ کەمپەینەکە هێنابوو، ڕوونیکردەوە پێویستە هەموو تاکێک لە باشووری کوردستان هەستی کوردایەتی لە ناخیدا بجوڵێت، هەست بەوە بکات کە دەبێت کورد پاڵپشتی کورد بکات و چاوەڕێی دەوڵەتانی دیکە نەبێت.

 

ئاماژەی بەوەشدا، "نەتەوەی کورد لە هەر جێگەیەک بێت هاوزمان و هاونەتەوەن، بۆیە پێویستە پاڵپشتی یەکتر بن، هەرگیز خۆیان لەیەکتر جیانەکەنەوە و بە بچوکترین شت بێت بتوانن بەشداری کەپمەینەکە بن".