ژنانی هەڵەبجە داوای ناردنی هاوکاری بۆ باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان دەکەن
ژنانی شاری هەڵەبجە داوا دەکەن بە کۆکردنەوە و ناردنی هاوکاری بۆ کوردانی پارچەکانی دیکەی کوردستان پشتیوانی لە گەل بکرێت.
میهرەبان سەلام کاکەیی
هەڵەبجە- شاری هەڵەبجە لە هەر ڕووداویکی سروشتی و مرۆیدا کە بەسەریهاتووە کوردانی پارچەکانی دیکە هاوکارییان کردووە و توانیویەتی بەسەر قەیران و کارەساتەکاندا تێپەڕێت، لە ئێستاشدا کە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان لە ٦ی شوباتدا ڕووبەڕووی بوومەلەرزە و کارەساتی سروشتی بووەوە، هاوڵاتیانی شاری هەڵەبجە داوا دەکەن، هەرچی زووە بەدەم کوردانەوە بچن و هاوکارییان بکەن.
نەخشین سەلام، ژنێکی ڕەنجکێشە و باسی لەوەکرد پێویستە هاوکاری یەکتر بکرێت و یەکگرتوو بین، بە تایبەت هەڵەبجە، چونکە لە سەرجەم ئەو ڕوودانەی بەسەریانداهاتووە هاوکاری کراوە، وتیشی: "هیواخوازین بەتایبەت پێداویستی منداڵان و شیر و بەتانی بگەیەندرێتە دەست کوردانی باکووری کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان".
"پێویستە هاوکارییەکان بە زووترین کات بگاتە دەست کوردان"
نەخشین نامیق، ژنێکی دیکەیە و باسی لەوەکرد کە جێی داخە تا ئێستا لە شاری هەڵەبجە هیچ کەمپینێک بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری ڕانەگەیەنراوە، "ئێمە وەک باشووری کوردستان دەست بە بارین و هاوخەمی کوردانی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستانین، گرنگە کەمپەینێک لە شاری هەڵەبجەوە ڕابگەیەنرێت، چونکە هەڵگری یەک خوێن و هەموومان کوردین، ئێستا ناوچەکانی ئەوان خاپوور بووە و پێویستیان بە هاوکاری بە هاوکاری هەیە.