لە شەودا ڕاپەڕینی سەرتاسەری گەلانی ئێران درێژەی هەیە

خەڵکی شارە جیاجیاکانی ئێران درێژەیان بە ڕاپەڕینەکان دژی حکومەت و کۆماری ئیسلامی ئێران دەدەن و لە شەودا بەگوڕتر دەبێت.

ناوەندی هەواڵ

 

ئێوارەی دوێنێ، ٢٥ی تشرینی دووەم، خەڵکی شارە جیاجیاکانی ئێران ڕژانەوە لەسەر شەقامەکان لە دژی تاوانەکانی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران و بۆ پشتیوانی لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان درێژەیان بە ڕاپەڕینی شەوانە دا.

 

لە زۆر ناوچەی تاران لەوانە شانۆی شەهر، وەلیاسر، سەتارخان، تارانپارس و نەرمەک، خەڵک دروشمی پشتیوانی لە خەڵکی ڕۆژهەلاتی کوردستانیان وتەوە، هەروەها قەزوین، مەشهەد، میهر، هەمەدان، مازەندەران و چەند شارێکی دیکەش بۆ ئیدانەکردنی کوشتنی خەڵکی ڕۆژهەلاتی کوردستان هاتنە سەر شەقامەکان.

 

خۆپیشاندەران بۆ ماوەی زیاتر لە ٦٠ ڕۆژە لەسەر یەک بە وتنەوەی دروشمی پشتیوانی و سووتاندنی لافیتە و هێماکانی حکومەت و ئاگر بەردانە ناوەندەکانی بەسیج و شوێنە حکومییەکان و ماڵی بەرپرسانی حکومەت هاواری دژایەتی خۆیان بۆ ئەم سیستەمە دووپاتدەکەنەوە و تا ئازادی بەڵێنی بەردەوامییان داوە.