چەتری ئەنجومەنەکانی ژنانی ئێزدی: ژنان بەرامبەر بە سیخوڕ و خائینان سەر دانانەوێنن

چەتری ئەنجومەنەکانی ژنانی ئێزدی ڕایگەیاند، دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" ئێستا بووەتە دروشمی هیوایەک بۆ ئازادیی ژنان لە جیهاندا.

ناوەندی هەواڵ

 

چەتری ئەنجومەنەکانی ژنانی ئێزدی-سەمەژێ ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی تیرۆرکردنی ئاکادیمیسیەن ناگیهان ئاکارسەل بڵاوکردەوە و ئاماژەی بە کوشتنی ژینا ئەمینی و ڕاپەڕینەکانی گەل بە پێشەنگایەتیی ژنان بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کرد و وتی: ئەو دروشمە بووەتە هیوایەک بۆ ئازادیی ژنان لە جیهاندا.

 

سەمەژێ خستیەڕوو، دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و بکوژ و پاکتاوکار نەیتوانی بەرگەی ئەوە بگرێت و درێژەی بە دڕندایەتی خۆیدا، لە ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢دا، ژنێکی کورد، کە ئەندامی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی بوو لە شاری سلێمانیی باشووری کوردستان، چالاکوان و ئەکادیمی ناگەهان ئاکارسەل لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا تیرۆر کرد".

 

سەمەژێ ڕایگەیاند، لە ٣ی ئابی ٢٠١٤دا هەزاران کەس لە کۆمەڵگەی ئێزدی بە تایبەتی ژنان و گەنجان و منداڵان لە شەنگال ڕفێنران و کوژران و بێسەروشوێن کران، ئەوە هەمان ئەو مێشک و عەقڵییەتەیە، کە ژینا ئەمینی و ناگەهان ئاکارسەلی کوشت.

 

سەمەژێ ڕاشیگەیاند، "کۆمەڵکوژکردنی ژنان ئاشکرا و بەرچاوە، کە بڕیاری سیاسەتی چەپەڵی دەسەڵاتدارانە، ئەو ڕژێمە فاشیست، دیکتاتۆر و دواکەوتووە دەیەوێت هەموو کۆمەڵگە بە پێی مێشکی خۆی لە کەسایەتی ژناندا بۆ بەرژەوەندیی خۆی بگۆڕێت و بۆ بەرژەوەندیەکانی بەکاریان بهێنێت".

 

سەمژێ کوشتنی ناگەهان ئاکارسەلی شەرمەزارکرد و وتی: "با دوژمن هەرگیز باوەڕ بەوە ناکات، کە ژنانی خۆڕاگر و بەرەنگاری باشووری کوردستان بەم هێرش و کوشتنانە دەترسن، ژنان ئیرادەی ئازادییان هەیە، هەرگیز بەرامبەر بە سیخوڕ و خائینان سەر دانانەوێنن".