خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی ئێران؛ زیاتر لە ١٥٤ کەس گیانیان لەدەستداوە

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕایگەیاند كه له ناڕەزایەتییه سەرتاسەرییەكانی ئێران له ماوەی ١٨ ڕۆژی ڕابردوودا ١٥٤ كەس بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزه ئەمنییەكان گیانیان له دەستداوه،کە ٩ کەسیان تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵەوەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ، ٥ی تشرینی یەکەم، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕایگەیاند لە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێران، کە بە کوشتنی ژینا ئەمینیی ٢٢ ساڵان دەستیپێکرد و لە ماوەی ١٨ ڕۆژدا ١٥٤ کەس لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕژێمی ئێرانەوە کوژراون.

 

ئەم ڕێکخراوە ڕایگەیاند، زۆرترین حاڵەتی گیانلەدەستدان لە پارێزگاکانی سیستان و بەلوچستان، مازەندەران، گیلان و ورمێ تۆمارکراوە، هەروەها سیستان و بەلوچستان زۆرترین ژمارەی گیانلەدەستدانیان هەیە کە ٦٣ کەس گیانیان لەدەستداوە.

 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران بە توندترین شێوە کوشتنی خۆپیشاندەرانی شارە جیاوازەکانی ئێران ئیدانەکرد و بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ناویبرد.

 

مەحمود ئەمیری موقەدەم، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، کوشتنی خۆپیشاندەران لە ئێران، بە تایبەت کۆمەڵکوژی زاهیدانی لە ڕۆژی هەینی، بە نموونەیەکی تەواو لە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی بەناوکرد و وتی: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەرکێکی لەسەرە بۆ لێکۆڵینەوە لەم تاوانە و ڕێگریکردن لە تاوانەکانی ڕژێمی ئێران.

 

هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کە بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی بەدەست ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران گەیشتوون، ٩ کەس لە گیانلەدەستداوەکان تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵەوە بووە، کوژراوەکان لە ١٧ پارێزگای جیاوازەوە تۆمارکراون و زۆرترینیش لە ٢٠-٢٢ی ئەیلولدا تۆمارکراوە.

 

ژمارەی گیانلەدەستداوان لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان ٦٣ کەس، مازەندەران ٢٧ کەس، گیلان ١٢ کەس، ورمێ ١١ کەس، سنە ٨ کەس، کرماشان ٧ کەس، تاران ٦ کەس، ئەلبورز ٥ کەس، خۆراسانی ڕەزەوی ٣ کەس، ئەسفەهان ٢ کەس، قەزوین ٢ کەس، کۆهگیلویە و بۆیەر ئەحمەد ٢ کەسن، زەنجان ٢ کەس، ئیلام ١ کەس، تەبرێز ١ کەس، بوشەهر ١کەس و سمنان ١ کەس ڕاگەیەندراوە.

 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕایگەیاندووە کە ژمارەی ئەو کەسانەی لە "هەینی خوێناوی زاهیدان"دا گیانیان لەدەستدا، کە پێشتر لەلایەن کەمپەینی چالاکوانانی بەلوچەوە بە ٤١ کەس ڕاگەیەندرابوو، بۆ ٦٣ کەس زیادی کردووە.

 

جگە لەوەش، ڕۆژی دووشەممە لە باکووری زاهیدان، چوار هاوڵاتی بەلوچ کە سەرنشین بوون، لەلایەن کۆپتەرێکی سەربازییەوە تەقەیان لێکرا و گیانیان لەدەستدا، تا ئێستا ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ئەم چوار کەسەی لەناو ئەو کەسانەی لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەدا کوژراون هەژمار نەکردووە.