نیکا وەک ژینا ئەشکەنجەدرا و نەدرایەوە بە خێزانەکەشی
دوای بەشداری کردنی لە ناڕەزایەتی وخۆپیشاندانەکانی ئێران، نیکا لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە هەڕەشەی لێ دەکرێت و دوای دیارنەمانی بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ، دەکوژرێت.
ناوەندی هەواڵ
نیکا شاکەرەمی ئەو کچە تەمەن ١٦ ساڵەی خەڵکی خوڕەم ئاوای لوڕستانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا دژی کوشتنی ژینا ئەمینی بەشداری دەکات و لە ٢٠ی ئەیلولدا لەگەڵ ژنان و چالاکوانان لە بلواری کەشاوەرزی تاران پێشەنگایەتی خۆپیشاندانەکان دەکات.
لەو ڕۆژەدا پەیوەندی بە هاوڕێیەکیەوە دەکات و ئاگاداری دەکاتەوە کە هێزە ئەمنیەکان بەدوایەوەن و دواتر نیکا دیار نامێنیت.
دوای ١٠ ڕۆژ لە گەڕان بەدوای نیکادا، ٢ی تشرینی یەکەم کە هاوکات بوو لەگەڵ ڕۆژی لەدایکبوونەکەی تەرمەکەی لە کەهریزەکی تاران دەدۆزرێتەوە، لە کاتی ڕادەستکردنی تەرمەکەیدا بە خێزانەکەی، تەنها ڕێگەیان پێدراوە کە ڕووخساری ببینن، هەروەها بەڵێننامەیان پێپڕکردوونەتەوە کە بە بێدەنگی تەرمەکەی بەخاک بسپێرن و هیچ مەراسیمێکی بۆ نەگێڕن، بۆ ئەوەی ناڕەزایەتی هاوڵاتیانی بەدواوە نەبێت.
بەڵام لە ٣ی تشرینی یەکەم هێزە ئەمنیەکان تەرمی نیکایان لە کاتی شوشتنیدا ڕفێندرا و بێ ئامادەبوونی بنەماڵەکەی تەرمەکەیان لە گۆڕستانی گوندی وەیسیان بەخاکسپارد، بە قسەی خێزانەکەی، لە كاتی شوشتنی تەرمەكەیدا، بینیویانە لە سەرسنگ تا سكی شوێنەواری تەقەڵی پێوە بووە و هێزەكانیش وتویانە بۆ توێكاری جەستەی ئەو كارەیان كردووە.
دوای ئەم هەڵوێستە هاوڵاتیان لە گۆڕستانی خوڕەم ئاوا دەستیان کرد بە ناڕەزایەتی بە وتنەوەی دروشمی "نەمان بۆ دیکتاتۆر"یان وتەوە، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە بڵاوەیان لێکرا.
نیكا كە خەڵكی شاری خورمئاوا بووە ماوەی نزیكەی ساڵێك لە تاران لەگەڵ پوری بەناوی ئاتەش شاكەرەمی ژیاوە، دواتر هێزەكانی ئێران پوری نیكاشیان بە هۆی ئەوە لەسەر دۆسیەكەی لێدوانی داوە دەستبەسەر كردووە.