ڕژاک: ناگیهان ئاکارسەل لە لایەن بیرێکی تاریکەوە شەهید کرا
ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان "ڕژاک" ئیدانەی تیرۆرکردنی ناگیهان ئاکارسەل دەکات و دەڵێت: "لە لایەن بیرێکی تاریکەوە شەهید کرا".
ناوەندی هەواڵ
ڕژاک لە ڕاگەیەندراوێکدا ئیدانەی شەهید کردنی ناگیهان ئاکارسەل ناسراو بە زیلان دەکات کە ئەندام و دامەزرێنەری ناوەندی ئەرشیف و توێژینەوە و پەرتوکخانەی ژنی کورد بوو. ئەمڕۆ ٤ی تشرینی یەکەم لە گەڕەكی بەختیاری شاری سلێمانی و لە نزیک ماڵەكەی خۆی درایە بەر دەستڕێژی گولە شەهید کرا.
لە ڕاگەیەندراوەکەی ڕژاک دا هاتووە: "ئێمە وەک ڕێکخراوێ ژنانی ئازادی کوردستان، ئیدانەی کردەی تیرۆرکردنی ژنە چالاکوان و ئەکادمیسیەن و ئەندامی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ژنۆلۆژی (ناگیهان ئاکارسەل) دەکەین، کە لەشاری سلێمانی لەلایەن بیرێکی تاریکەوە شەهیدکرا، ناوبراو ژنێک بوو پڕاوپڕ لە هزری جوان، لە هۆشیاری، لە تێکۆشان و بەرخۆدان، ئەمەش لە کاتێکدایە کە شۆڕشی ئازادی لە ژێر دروشمی (ژن، ژیان ،ئازادی) زۆربەی جیهانی تەنیوە بەتایبەتی لە ئێستادا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە پێشەنگی ژنان برەو بەم شۆڕشە دەدرێت، بەڵام بەداخەوە لە باشوری کوردستان لە ژێر پەردەی دەسەڵاتی کوردی تیرۆرکردنی ژنان و چالاکەوانی ژنان ڕؤژانە بەرەوهەڵکشان دەڕوات".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: "ئێمە وەک ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان بە توندی دژی ژنکوشتن دەوەستینەوە، هەروەها داوا دەکەین لە لێپرسراوانی ئەمنی شاری سڵێمانی کە ڕێککاری توند بۆ دۆزینەوەی ئەم تاوانە و تاوانەکانی پێشتر بگرنەبەر و بکەرانی لە ڕێگەی دادگاوە بە سزای خۆیان بگەیەنن".