"ژنانی ئازادیخوازی کورد بەردەوام مەترسی تیرۆرکردنیان لەسەرە"
تیرۆرکردنی ناگیهان ئاکارسەل، لە ناوجەرگەی شاری سلێمانی، پشتڕاستی ئەوە دەکاتەوە ژنانی ئازادیخواز ژیانیان لە مەترسیدایە، دەسەڵات و حکومەتیش ڕێگە خۆشدەکات بۆ داگیرکەران.
سلێمانی-
تیرۆرکردنی ژنان لە ناوجەرگەی شارەکانی کوردستان تا دێت زیاد دەکات، ئەمەش لە کاتێکدایە فکری ئازای و تێکۆشان و خەباتی چەند ساڵەی ژنان بوونی هەیە لە پێناو ئازادیدا، کاتێک ژنێک تێکۆشان دەکات لە هەر ناوچە و بەشێکی کوردستاندا، دوژمن لێی دەترسێت، کاتێک تێکۆشانەکانی ڕۆژهەڵات و باکوور دەبینێت سڵ لە خەباتی ژن دەکاتەوە بۆیە لە ڕێی دەسەڵات و حکومەتی ژێردەستەوە هەوڵی تیرۆکردنی ژنان دەدات.
دوێنێ ٤ی تشرینی یەکەم، لە پاش تیرۆرکردنی ناگیهان ئاکارسەل، لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی، گروپێک لە ژنانی چالاکوان، ڕێکخراوەکانی ژنان، ئەندامانی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی و ئازادیخوازان گردبوونەوە، تیایدا بە هەڵگرتنی گوڵ و بەزرکردنەوەی وێنەی شەهید ناگیهان ئاکارسەل و وتنەوەی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و "بمرێ خیانەت" ئیدانەی تیرۆرەکەیان کرد و داوایان لە دەسەڵاتداران کرد بکەران دەستگیربکەن.
لە میانەی چالاکییەکەدا ویژان نوردەین، ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان- ڕژاک ڕوونیکردەوە، کە ناگیهان ئاکارسەل، یەکێک بوو لەو ژنانەی کە لە ڕێی خەبات و تێکۆشانەکەیەوە توانی هەزاران ژن لە زانستی ژنۆلۆژی و ژن بوون بناسێنێت، ژنێک بوو پڕاوپڕ لە زانست و ئازادی خواز.
بەڵام بەداخەوە ژیانی لەسەر دەستی کۆمەڵێک کەسی ناخ تاریک کۆتای پێهات، دەستێکی تاریکە کەلە هەموو کۆمەڵگاکاندا بەردەوامە، لە کاتێکدا شاری سلێمانی پایتەختی ڕۆشنبیریە، بەڵام ئێمەی ژنان هۆشیارین و ئاگادارین لە خەباتی بچەندین ساڵەی ئەو ژنە تێکۆشەرە.
ویژدان لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "ئیدانەی تیرۆرکردنی هەڤاڵ زیلان و هەموو ئەو شەهیدانەی تر دەکەین، دەڵێین بەڵێ بۆ ئاشتی"، ژنانی کورد لە وڵاتانی دیکە خەبات دەکەن بە دروشمی "ژن-ژیان-ئازادی" و تێدەکۆشن بەڵام لە ناوجەرگەی خاکی خۆیان و خاکی کوردستان تیرۆر دەکرێن و ڕێگری لە تێکۆشانەکانیان دەکرێت.
لە کۆتایدا ویژدان نورەدین ئاماژەی بەوەدا، هەموو ژنێکی کورد مەترسی لەسە ژیانی هەیە، بۆیە دەبێت بەردەوام لە ترسدا بژین و بڕوا بەوە بهێنین کە دەکرێت ڕۆژێک وەک هەڤاڵ زیلان تیرۆرمان بکەن.