ئەگەرچی بە یاسا ڕێگەپێنەدراوە بەڵام ٪١٠ی کچان پێش ١٥ ساڵی هاوسەرگیریان کردووە

دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، ئەنجامی ڕووپێوییەکی لەسەر بارودۆخی ژنان بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە کە ٪١٠ی کچان پێش تەمەنی ١٥ ساڵی هاوسەرگیریان کردووە، ئەگەرچی بە یاسا تا تەمەنی ١٨ ساڵی ڕێگە بە هاوسەرگیری نەدراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

دەستەی ئاماری ھەرێم بە ھاوبەشی لەگەڵ دەزگای ناوەندی ئاماری عێراق و بە هەماهەنگی لەگەڵ سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان لە ڕاپۆرتێکدا ئەنجامەکانی ڕووپێوی بارودۆخی تەندروستی و کۆمەڵایەتی ژنانی لە هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢١ ڕاگەیاند.

 

لە ٢٨ی حوزەیرانیشدا وەزیری پلاندانان لە مەراسیمێکدا لە شاری هەولێر ئاماژەی بەوەدا کە هەوڵدەدەن کار بە ڕووپێوییەکە بکەن و بەرنامە و کارەکانیان لەسەر دەرئەنجامی ڕاپۆرتەکە دابڕێژن.

 

ڕووپێوی بارودۆخی تەندروستی و کۆمەڵایەتی ژنانی لە هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢١، لەگەڵ ١٥٩٦ خێزان کە بۆ هەر پارێزگایەک (سلێمانی، دهۆک، هەولێر) ٥٣٢ خێزان بە نمونە وەرگیراوە، ئەنجامدراوە، ١٥٧٦ خێزان و ٢١٦٢ خێزان چاوپێکەوتنی لەگەڵ کراوە.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا خوێندن، تەندروستی تاک، کاریگەری ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر خێزان، ڕێژەی ژنانی سەرپەرشتیاری خێزان، باری خێزانیی ژن، کارکردنی ژنان، یەکسانی لە نێوان کچ و کوڕ لەلایەن خێزان و توندوتیژی دژی خێزان و چەندینی دیکەی لە خۆگرتووە.

 

بەپێی ڕووپێوییەکە کە ١٥ ساڵ بەرەو سەر وەرگیراوە، ڕێژەی خەتەنەکردنی ژنان لە هەرێمی کوردستان ٪٤٨ن، بەرزترین ڕێژە لە پارێزگای هەولێر تۆمارکراوە کە ٪٥٣.٣ یە لە نێوان پارێزگاکاندا.

 

زۆرترین ڕێژەی توندوتیژی دژی ژنان لەلایەن هاوژینەکانیانەوە ئەنجامدراوە، کە توندوتیژی جەستەیی و زارەکین، نەبوونی هۆشیاری ژنان و پیاوان و ڕێژەی نەخوێمدەواری ژنان ٪١٧.٩، زۆرینەیان لە تەمەنی ٤٥ ساڵ زیاترن، پارێزگای دهۆک زۆرترین رێژەی ژنی نەخوێندەواری تێدایە کە ٢٢.٢٪ـە، پارێزگای هەولێریش کەمترینە کە ١٥.٨٪ـە.

 

بەپێی ڕووپێویەکە١٠٪ـی کچان پێش تەمەنی ١٥ ساڵی هاوسەرگیریان ئەنجامداوە.

 

ڕاپۆرتی ڕووپێوی بارودۆخی تەندروستی و کۆمەڵایەتی ژنانی لە هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢١ لێرەوە ببینە.