سفرەی هاوڵاتیان هەموو ڕۆژێک بەتاڵتر دەبێت

قەیرانی ئابوری لە ئێران تا دێت لە زیادبووندایە، گرانی نرخی خۆراک و بەرزبوونەوەی کرێی نیشتەجێبوون ژیانی هەژاران و چینی مامناوەندی قورس کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

قەیرانی ئابوری لە ئێران لە بەرزبوونەوە دایە و گەیشتووەتە بەرزترین ڕێژە، هاوڵاتیان بەهۆی نەبوونی توانای کڕینی خۆراکی تەندروست، ڕوویان لە کڕینی خۆراکی ناتەندروست و ماوە کردووە، بەجۆرێک ڕێژەی هەڵاوسانی ئابوری لە مانگی حوزەیراندا گەیشتە ٪١٢.٢بەراورد بە مانگی ئایار کە ٪٨.٧ بوو.

 

لەگەڵ لابردنی هاوکارییەکان لە نرخی ئارد، نەوت و ماددە خۆراکییەکانی دیکەدا، لە ماوەی یەک مانگدا نرخی ئەو کەلوپەلانە بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینی، لە مانگی ڕابردوودا، زەیتی ڕووەکی بە ڕێژەی ٪٢٤٧ و ڕۆنی شل بە ڕێژەی ٪٢٣٣.٨، نان و دانەوێڵە بە ڕێژەی ٪٥٦.١، شیرینی وشککراوە بە ڕێژەی ٪٢٧.٦، گۆشتی مانگا یان گوێدرێژ بە ڕێژەی ٪١٦ و پەنیریش ٪٥٥.٧ زیادی کردووە.

 

زیادبوونی هەژاری، نەهامەتی و گرانی نرخ بووەتە هۆکارێک تا خەڵکێکی زۆر ڕوو لە کڕینی بەرماوەی پەلەوەر و گۆشت، وەک ئێسک و پێست و هێلکەی شکاو بکەن، پرۆسەی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک لە ئێران بەردەوامە و بە تایبەت لە سەرەتای ئەمساڵەوە ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆر ڕاپۆرت سەبارەت بە دووبارە بەرزبوونەوەی نرخی هەموو جۆرە بەرهەمێک بڵاودەکرێنەوە.

 

بەپێی زانیارییەكان، لەماوەی چەند هەفتەی رابردوودا نرخی برنج لە بازاڕدا پێنج هێندە بەرزبووەتەوە، لەكاتێكدا ئەمساڵ موچەی فەرمانبەرانی حكومەت بەڕێژەی ٪١٠ بەرزبووەتەوە.

 

ئەمساڵ سەرەڕای زیادبوونی ٪٥٧ی هەقدەستی کرێکاران هیچ کاریگەرییەکی لەسەر کوالێتی ئەم چینە لاوازەی کۆمەڵگە نەبووە، کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا هەمیشە گەمارۆکانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوایان بە هۆکاری دۆخی ئابوری ئێران دەگەڕاندەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە گرانبوونی نرخی بەشێك لە کەرەستەی خۆراک، خانووبەرە، تەندروستی و جلوبەرگ هیچ پەیوەندییەکی بە گەمارۆکانەوە نییە و ناکارامەیی و بێتوانایی دەسەڵاتدارانی ئێران لە بواری ئابوریدا دەردەخات.