ڕووداوەکانی کوشتن ژنان دەهێنێتە قسە و دەڵێن بەخشینەوەی چەک قەدەغە بکەن

ژنان لەبارەی ڕووداوەکانی کوشتن و سوڵحی عەشایەری لەسەر جەستەی ژنان هەڵوێستی خۆیان نیشاندا و ئاماژەیان بەوەدا دەسەڵات و حزب لەشکرێک لە چەکی بە مۆڵەتی ڕێپێدراوی نەخوێندەوارتان بەرهەمهێناوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕووداوەکانی کوشتن و سوڵحی عەشایەری لەسەر جەستە و ئیرادەی ژنان بووەتە ڕۆژەڤی گەرمی باشووری کوردستان، ڕۆژ نییە بە ناوی شەرەفەوە کەسێک نەکوژرێت و لە سوچێکی ئەم وڵاتەدا ژنێک بۆ سوڵحی عەشایەری و بێ ئیرادەی خۆی و لە خوێدا نەدرێتە پیاوێک، ڕووداوی ڕۆژی ٣٠ی حوزەیرانی شاری هەولێر، کە دوو هاوژین لەلایەن برای ژنەکەوە کوژران، پەردەی لەسەر زۆرێک لە پرسەکان و قوربانییەکانی ژن لادا.

 

کوشتنی دوو هاوژینەکە پەردەیەک بوو لەسەر سوڵحی عەشایەری، توندوتیژی و کوشتنی ئیرادە و بوونی ژنان، ڕووداوەکە بەشێوەیەک بوو، ساڵێک پێش ئێستا دوو گەنج بە ناوەکانی سومەییە و زەکەریا، کە خۆشەویستی یەکدی بوون، لەلایەن ماڵی ژنەکەوە ڕێگری لە هاوسەرگیریان دەکرێت و سێ فیشەک دەنرێت بە "سومەییە"وە، دواتر بۆ ئەوەی هاوسەرگیری سومەییە و زەکەریا پێکبێت و خوێن نەڕژێت، سێ ژن کە یەکێکیان تەمەنی ١٤ ساڵە، لە سوڵحی عەشایەریدا لەلایەن ماڵی زەکەریاوە دەدرێنە ماڵی سومەییە، بەڵام ئەم سوڵحە عەشایەرییە نەک خوێنی نەڕشت، بەڵکو بووە هۆی کوشتنی سومەییە و زەکەریا و شێواندنی ژیانی سێ ژنەکەی دیکە، کە دوانیان هاوژینیان پێکهێناوە و دوو گیان، پرسەکە لێرەدا ئەوەیە، سومەییە و زەکەریا کوژران، ئەو کێشە عەشایەرییە چۆن لەسەر ژیانی ژنانی دیکەی بنەماڵەکان کۆتایی دێت؟.

 

ڕووداوەکانی کوشتن لە هەرێمی کوردستان لە هەڵکشاندایە، تا ئێستا نەتوانراوە لە ڕێی پەروەردە، یاسا، دادگا، کۆمەڵگە و لایەنەکانی دیکەوە چارەسەری بدۆزرێتەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لەجیاتی پێشخستنی چارەسەری، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی "کوشتن لە هەموو جیهاندا هەیە"، دوای ڕووداوەکانی ئەم دواییەش، مەسرور بارزانی داوای قەدەغەکردنی چەکی بێ مۆڵەتی کرد، وەک ئەوەی تەواوی ڕووداوەکان بە چەکی بێ مۆڵەت ئەنجامدرابێتن.

 

"لەشکرێک لە چەکی بە مۆڵەتی ڕێپێدراوی نەخوێندەوارتان بەرهەمهێناوە"

ژنان ناڕەزایەتی و هەڵوێستی خۆیان لە بارەی ڕووداوەکانی کوشت، سوڵحی عەشایەتی و بڕیاری قەدەغەی چەکی بێ مۆڵەت دەربڕی، پەیمان عیزەدین، پارێزەر و چالاکوان ئاماژەی بەوەدا کە کێشە سەرەکییەکە لە چەکی بە مۆڵەتدایە، "حیزبەکانی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی لە نیوە زیاتری کوردیان کردووەتە چەکدار لە ژێر ناوی جیایادا، دژەتیرۆر و زێرەڤانی و ڕەشپۆشەکان و هێزی ئاڵتونی و کۆماندۆ و... هتد، ئەمانە هەموویان بە مۆڵەت و یاسا چەکیان پێیە، بۆ چوونە ناو ئەم هێزانە بڕوانامە و تەواوکردنی خوێندن مەرج نییە، بۆیە ئێوە لەشکرێکی گەورە لە چەک بەدەستی مۆڵەت پێدراوی نەخوێندەوارتان بەرهەمهێناوە، قەدەغەکردنی چەکی بێ مۆڵەت زۆر لەو کارەساتە کۆمەڵایەتییە کەمناکاتەوە کە تادێت گەورە و گەورەتر دەبێت".

 

"دەمانچە بەخشینەوە قەدەغە بکەن"

خەندان جەزا، نووسەر هەر لە بارەی بڕیارەکەی مەسرور بارزانییەوە بۆ دەستگرتن و قەدەغەکردنی چەکی بێ مۆڵەتدا دەڵێت:

"ئەزبەنی بیرتچوو

١ - شۆفڵەکانی شارەوانی بنێرن سەرتاپای بنکەکانی سوڵحی عەشایەری بروخێنن تەفر و تونایان بکەن،

٢- ئەو ھەمو بەرتیل و دەمانچە و کلاشینکۆفەی لە فێستیڤاڵی خێڵ و بەگ و عێل و عەشرەتدا دەیبەخشنەوە، بیوەستێنن.

٣- ھەڵبژاردنی داھاتوو نزیکە، دەمانچە بەخشینەوە قەدەغەبکە.

٤- ئەو فەریکە مەلا و فەقێ سمێل قیتانەی فەتوای سوڵح و گۆڕینەوەی کەنیشکەکان دەدەن فەلاقەیان بکەن.

ئەزبەنی یان باشتر نییە

١- وەزارەتی عەدل و دادگا و بنکە پۆلیسەکان بکەن بە یانەی شەوان و لایڤ موزیک .

٢- وەزارەتی مافی مرۆڤ بکەن بە وەزارەتی سوڵح.

٣- وەزارەتی پەروەردە بکەن بە ڕاھێنانی چەک و سەربرین."

 

"لە تاوانی کوشتنەکە زیاتر مامەڵە کردنە بە مرۆڤەوە"

شادی نەوزاد، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، دەنووسێت، لە ناوەڕۆکی کارەساتەکەی هەولێر زیاد لە تاوانێک بوونی هەیە، درێژەی نووسینەکەی بەم شێوەیەیە، "لە تاوانی کوشتنەکە (کە بە تەنیا وەک تاوانی ئەم کارەساتە سەیر دەکرێت)، گەورەتر تاوانی مامەڵە کردنە بە مرۆڤەوە، سێ کیژۆڵەی خێزانێک لە بەرامبەر بەدەستهێنانی کیژۆڵەیەکی دیکە دراون، ئەمە کارەساتە گەورەکە و جێی هەڵوێستە کردنمانە، نەک تەنیا کوشتنی دوو گەنجە هاوژینەکە، بفەرموون لە زاری خۆیان بیبیستن، مەرج نییە ئەو تاوانانەی نەگەیشتوونەتە لای ئێوە لە داتاکانتاندا بوونیان نەماوە لەناو کۆمەڵگەش نەمابن، هەتا ئێستا گەورە بە بچوک، لەبری خوێن، سوڵحی کێشەکانی دیکە، تالۆغ، خەتەنەی مێیینە، سەربێشکە مارەیی و زۆری دیکەی تاوان کە بەرامبەر مێینە ئەنجام دەدرێت، لەم کۆمەڵگەیەدا ماون و ڕۆژانە ڕوو دەدەن، چارەنووسی ئەو سێ کیژۆڵەیەی لە سوڵحدا دراون بە لە ژیاندامان بێت یان کوشتن لە چارەنوسی کوژراو باشتر نابێت"

 

چارەسەری دیاردەی کوشتن و خۆکوژی پەروەردەی تاکە

سەرچنار ئەحمەد، بڕیارده‌ری فراكسیۆنی یه‌كگرتوو لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، دەربارەی بەکارهێنانی چەک و بەتایبەت چەکی بێ مۆڵەت لە تاوانەکانی کوشتندا، دەنووسێت، "بۆ نەهێشتنی دیاردەی کوشتن و خۆکوژی تەنها ڕادەستکردنەوەی چەکی بێ مۆڵەت بەس نییە، دەکرێت ئەمە یەکەم هەنگاو بێت، هەنگاوی دووەم پێویستە لە پەروەردەکردنی تاکەکانی کۆمەڵگەوە دەستپێبکرێت، بە پەروەردەیەکی دروست و ڕەسەن، کاری مرۆڤسازی ئەرکێکی گرنگی حکومەتە کەدەبێت دەستی بۆببات.

 

سەرچنار ئەحمەد دەشڵێت: سەروەر بوونی یاسا و نەهێشتنی قاچاغچێتی چەک و کار ڕایی یاسایی لە بەرامبەر یانە شەوانەکان و قومارخانە و مەیخانەکان حکومەت لێی بەرپرسە و نابێت کەمتەرخەم بێت لەئاستیدا، بەپێچەوانەوە هەموو ڕۆژێک دەبێت گوێمان لە چیرۆکێکی تراژیدی خەمبار بێت، کە هۆکارەکەی نەبوونی بەرنامەیەکی تۆکمەی مرۆڤسازییە کە بە پلەی یەکەم دەبێت حکومەت بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت.

 

"بەوپەڕی بێ بایەخیەوە ژن لە بری سوڵح دەدرێت"

ئارەزوو محەمەد، پەرلەمانتاری خولی پێشووی عێراق، لە بارەی ڕووداوەکانی کوشتن و توندوتیژی و سوڵحی عەشایەری، بڵاویکردووەتەوە، "ھەتا ئەو کاتەی مێشک و بیرکردنەوەی پیاو بە تەواوی ئازاد نەبێت بەرامبەر ژن، ژیان ئازاد نابێت، کلتوری ژنکوشتنیش بەردەوام دەبێت، بەداخەوە ھێشتا زۆر خەمساردانە و بەوپەڕی بێ بایەخیەوە ژن لە بری سوڵح دەدرێت، ھێشتا ژن بۆ چارەسەری ناکۆکی نێوان دوو پیاو بەکاردێت، ھێشتا ژن بە شەرەفی پیاو خێڵ و عەشیرەت دادەنرێت، ئەم کلتورە سەقەتە نە ھیچ باکگراوندێکی ئاینی و دینی ھەیە و نە ھیچ ئایدیایەکی فکری و ڕۆشنبیری پشتگیری دەکات، بۆیە لەپاڵ دەسەڵاتی دادوەری و دەسەڵاتی سیاسی ئەرکی بانگخوازانی ئاینی و ڕۆشنبیرانە کاربکەن بۆ سڕینەوەی ئەو ئەقڵییەتە، کاتێک مرۆڤێک تاوانێک دەکات پێویستە خودی خۆی بەتەنھا باجەکەی بدات نەوەک ژنێک ".