ڕووداوەکانی کوشتن ئارامی کۆمەڵایەتیان لە هەرێمی کوردستان تێکداوە

ڕووداوەکانی کوشتن هەڕەشەن بۆ ژیانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان کە ڕۆژانە چەندین ڕووداوی کوشتن ڕوودەدەن، هەندێک تاوانبار دەستگیر دەکرێن و هەندێکی دیکەشیان لە یاسا و سزا هەڵدێن.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕووداوەکانی کوشتن و خۆکوشتن و تاوانی دژ مرۆڤایەتی لە هەرێمی کوردستان لە هەڵکشاندایە، هەر ڕۆژێک هاوڵاتیان بە بیستنی هەواڵێکی نوێ ڕۆژەکەیان دەستپێدەکەن، کە کاریگەری نەرێنی لەسەر کۆمەڵگە و دەروونی تاک هەیە، هەواڵەکانیش بوونەتە ڕۆتین و لە سەردێڕ و مانشێتی میدیاکاندا وەک هەواڵی بەپەلە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، وەک دەنووسرێت، "بەپەلە، ئەمڕۆ ژنێک لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژرا، ژنێک کوژرا، ماڵێک هێرشی کرایەسەر" و هتد...

 

ڕووداوەکانی کوشتن وەک هەواڵێکی بەپەلە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت

هەموو ڕووداوەکان زۆر بەخێرایی تێدەپەڕن، بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک دەبنە هەواڵی گەرمی میدیاکان و دۆخێکی شڵەژاو لە کۆمەڵگەدا دەهێننە کایەوە، کە ئاشتی کۆمەڵگە و دەروونی تاک نائارام دەکات.

 

لەکاتی ڕووداوەکاندا ڕاستەوخۆ حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار و دەسەڵاتی دادوەری بەرپرسیار دەبینرێت، چونکە بە بڕوای چالاکوانان و کەسانی شارەزا حکومەت کەمتەرخەمە و دەسەڵاتی دادوەریش لە ژێر سایەی حزب و کەسایەتییەکانی ناو حزب دایە و ناتوانێت سەربەخۆیانە مامەڵە لەگەڵ کەیسەکاندا بکات.

 

لە سەرانسەری جیهاندا ڕووداوەکانی کوشتن بوونیان هەیە و ڕێژەکەی لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی دیکە دەگۆڕێت، بەڵام بەکۆی گشتی ڕووداوەکان هۆکارەکانی قەیرانی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و نەبوونی پەروەردە و پێکەوەژیانی ئاشتیانەیە، لێکەوتەکانیشی نانەوەی پشێوی کۆمەڵایەتی و تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتییە.

 

ئامارەکان لە هەڵکشاندان

بەپێی ئاماری پۆلیسی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی ٢٠٢١ لە پارێزگاکانی هەرێم ٥٩ حاڵەتی کوشتنی بە هەڵەیە، ٢٨٧ ڕووداوی خۆکوشتن و ٢١٥ ڕووداوی کوشتنی بە ئەنقەست تۆمارکراون، هەروەها ٥١ کەسیش بە تۆمەتی بەکارهێنانی چەکی بێ مۆڵەت دەستگیرکراون، ئاماری نیوەی سەرەتای ئەمساڵی ڕووداوەکانی کوشتنیش هێشتا بڵاونەکراوەتەوە.

 

وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری قەدەغەکردنی ڕووماڵی تاوانەکانی کوشتن و خۆکوشتنی دەرکرد، هۆكاری دەركردنی ئەو بڕیارەشی گەڕاندووەتەوە بۆ ئەوەی، ئەم هەواڵانە دەبێتە هۆی زیادبوونی ڕووداوەکانی کوشتن و خۆکوشتن، ڕێگە بۆ هاوڵاتیانی دیکە خۆشدەکات و بەرچاوڕوونیان پێدەدات، وەزارەت جەختیکردەوە هەر میدیایەک پابەند نەبێت، ڕێكاری یاسایی لە بەرامبەردا دەگرنەبەر.

 

سەرەڕای بوونی بڕیاری قەدەغەکردنی ڕووماڵی تاوانەکانی کوشتن و خۆکوشتن، نەک ڕێگری نه‌کرا لە زیادبوونی حاڵەتەکان، بەڵکوو تەنها لە ماوەی دوو ڕۆژدا چوار کەس لە هەرێمی کوردستان "دهۆک، هەولێر، سەیدسادق" کوژران و دوو ژنیش لە گەرمیان بە گوماناوی گیانیان لەدەستدا، لە هەولێریش چەند ڕۆژی ڕابردوو دوو هاوژین لە ماڵەکەی خۆیاندا کوژران.

 

تایبەت بە ژنانیش ئامارەکانی کوشتن و ناچار بە خۆکوشتنی ژنان لە هەڵکشاندایە و بەپێی ئاماری ڕێکخراوی هاریکاری یاسایی ژنان، لە  شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ٢٩ ژن خۆیان سوتاندووە، ٣١ ژن نه‌چار به خۆکوشتن کراون، ٢٢ ژن کوژراون.