"پێویستە بە ئەرکەکانمان هەستین و ژنکوشتن ڕابوەستێنین"

ڕژاک ڕاگەیەندراوێکی لەسەر کوشتن و توندوتیژی دژ بە ژنان بڵاوکردەوە و دەڵێت: لە ژێر ناوی نامووس و موڵکداریدا ژنان ستەمیان لێدەکرێت و دەکوژرێن و وەک کاڵا و موڵک تەماشا دەکرێن.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، لە قەڵای شێروانە لە شاری کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان دژی کوشتن و زۆری توندوتیژی سەر ژنان ڕاگەیەندراوێکیان بۆ ڕایگشتی خوێندەوە.

 

ڕاگەیەندراوەکە لەلایەن سوهام گەرمیان، ئەندامی ڕێکخراوەکە خوێندرایەوە و ئاماژەی بەوەدا کە توندوتیژی بۆ سەر ژنان، توندوتیژییە بۆ سەر کۆمەڵگا و ژنان لە ژێر ناوی ناموس و موڵکداریدا ستەمیان لێدەکرێت و دەکوژرێن و بە کاڵا دەکرێن.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەی ڕژاکدا هاتووە، ئەم قۆناغەی کە ئێستا ژن تێدا تێپەڕ دەبێت، مەترسیدارترین قۆناغە بۆ ئێمەی ژن، چونکە کوشتنی ژن کوشتنی کۆمەڵگایە و زیان بە خاک و نیشتیمان دەگەیەنێت، ئێمە داواکاریمان لە دەسەڵات ئەوەیە واز لەو سیاسەتە بێنن کە خزمەتی ژن و خاک  و کۆمەڵگا و نیشتمان ناکات.

 

سوهام گەرمیان لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەشی خستەڕوو کە پێویستە ژنان ڕووبەڕووی کێشەکان ببنەوە و خۆکوشتن چارەسەر نییە، "داواکاریمان لە ڕێکخراو و حزب و لایەنی سیاسی و مەدەنی هەیە بە ئەرکی خۆیان هەستن و پێکەوە هەموومان ئەم ژنکوژییە ڕابوەستێنین".