ژنانی هونەرمەندی کورد: بەرامبەر گوشارەکان سەرمان نەوی ناکەین
ژنانی هونەرمەندی کورد لە دژی هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر گۆرانی و شانۆی کوردی لێدوانێکی ڕۆژنامەوانییان دا.
ئامەد
ژنانی هونەرمەندی کورد لەبەردەم بینای شانۆی شار لە ئامەدی باکووری کوردستان، دژی هەڵوەشاندنەوەی کۆنسێرت و قەدەغەکردنی گۆرانی کوردی، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان بەست و هەریەک لە هونەرمەندانی کۆمەڵەی کلتور و هونەری دیجلە، ئەندامانی کۆمەڵەی ئەدەب، ڕۆشنبیری و هونەری ژنان (KASED)، شانۆکارانی شاری ئامەد، هونەرمەندانی ما میوزیک، ئەندامانی کۆمەڵەی ئەکادیمیای سینەمای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چەند ناوەندێکی دیکە بەشداربوون.
لە کۆنگرەکەدا شیلان دۆرا، هونەرمەندی کۆمەڵەی کلتور و هونەری دیجلە بەیاننامەیەکی هاوبەشی خوێندەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەدا، لەم چەند مانگەی دواییدا ڕێگرییەکان دژ بە کلتور و زمانی کوردی گەیشتووەتە لوتکە و دەیان چالاکی هونەری و شانۆیی و کۆنسێرتی کوردی قەدەغەکران، دەیان هونەرمەند دەستگیرکران، لە جلوبەرگی هونەرمەندانەوە بگرە هەموو شتێک قەدەغە دەکرێت، بە تایبەتیش ئەمە لە دژی هونەرمەندانی ژنی کورد بەڕێوەدەبرێت.
داوا دەکەن هونەرمەندان خۆیان بە ڕێکخستن بکەن
هەر لە بەیاننامەکەدا تیشک خراوەتەسەر ئەو دۆخەی کە کۆنسێرتە کوردییەکان قەدەغە دەکرێت و لە جێگەی ئەوە کۆنسێرتی تورکی بەڕێوەدەبرێت، دەشڵێن: لەم دۆخەدا ئەرکی سەرەکی ئێمەیە کە کەلتوور و هونەر بە زمانی خۆمان پەرەپێبدەین، هیچ هێرش و قەدەغەکردنێک ناتوانێت ڕێگری لەمە بکات. بەتایبەتی کە ئێمەی ژنان هۆشیاریی کۆمەڵگاین، سەری خۆمان نەوی ناکەین و داوا لە هەموو هونەرمەندان و ڕۆشنبیران دەکەین کە لە دژی ئەو سیاسەتە چەوسێنەرانە خۆیان بەڕێکخستن بکەن.