وەزارەتی ڕۆشنبیری لەسەر سوکایەتی بە هەرێمی کوردستان سکاڵا دەگەیەنێتە کەناڵی atvی تورکی

وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەیاننامەیەکی ناڕەزایەتی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە دراماکە تۆوی شۆفێنیزم و بە کەم سەیرکردنی بەرامبەر بڵاودەکاتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

زنجیرە درامایەکی تورکی بە ناوی "گورگی تەنیا" کە لە کەناڵی"atv"ی سەر بە دەوڵەتی تورکیا پەخشدەکرێت، لە ئەڵقەی ١٩ی دراماکەدا باس لە شاری هەولێر دەکات و ئەم شارە بە شارێکی تورکمانی بەناوی دەبات، لەوبارەیەوە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەیاننامەیەکی ناڕەزایەتی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە دراماکە باسی کورد و هەرێمی کوردستان دەکات و لەگەڵ داعشی تیرۆیستدا تێکەڵی دەکات.

 

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، "(گورگی تەنیا) باس لە مێژووی توركیا و شەڕی نێوان توركیا و PKK دەكات، هەروەها باسی گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و ڕۆڵی ئەمریكا دەكات. لە چەندین ئەڵقەیدا بە نەفەسێکی دوژمنکارانە باسی کورد و هەرێمی کوردستان دەکات و هەموو کارتەکان تێکەڵ دەکات تا ڕادەی تێکەڵکردن لەگەڵ داعشی تیرۆریستدا. بۆ نموونە لە ئەڵقەی (١٩) کە ڕۆژی ٣/٦/٢٠٢٢ پەخشکراوە، لە دیمەنێكدا كە باسی دادگاییكردنی توركێكە لە دادگایەكی هەرێمی كوردستان، لە دادگاكەدا ئاڵای كوردستان و وێنەی مەسعود بارزانی کە وەک سەرۆکی حکومەت دانراوە، سوكایەتی بە خەبات و هێماكانی گەلی كورد دەكات و حكومەتی هەرێمی کوردستان بە ناشەرعی لە قەڵەم دەدات و دەڵێت جوگرافیایەك بەناوی كوردستان نییە و موسڵ و كەركووك دوو شاری توركمانین و گەورەترین شەقامی هەولێریش ناوی (موزەفەرەدین گۆكبۆرو)ە، وەک ئاماژەیەک کە هەولێریش شارێکی توركمانییە."

 

وەزارەتی ڕۆشنبیری ئاماژە بە قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکات کە دەستورییە و خاکی پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەییە. كونسوڵخانەی گشتی توركیا لە هەرێمی كوردستانە، سەدان هاووڵاتی و کۆمپانیای توركیا لە هەرێمی كوردستاندا كار دەكەن و بەرژەوەندیی هاوبەش و هاوسێیەتی کۆیان دەکاتەوە لەگەڵ هاوڵاتییانی کوردستاندا بە کورد و تورکمان و سریان و عەرەبەوە لە هەموو ئایین و ئایینزاکان، "بە لای ئێمەوە لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەم درامایە سووکایەتییە بە هەموو ئەو ڕاستییانە و زیانیان پێدەگەیەنێت، دوورە لە بەهای هونەریی كە لە بنەڕەتەوە هونەر پەیامی ئاشتی و پێكەوەژیان و قبوڵكردنی جیاوزییەكانی پێیە، نەك ڕەگەزپەرستی و سڕینەوەی بەرامبەر".

 

لە کۆتایشدا دەڵێت: ئێمە دەزانین ئەو درامایە و دراما هاوشێوەكانی كە پێشتریش بەرهەمهاتوون بۆ ڕازیكردنی توێژێكی بیرتەسكن و جگە لە زیانگەیاندن بە بەهاکانی هاوسێیەتی باش و بەرژەوەندیی هاوبەش و بنەما مرۆیی و نێودەوڵەتییەکانی پەیوەندیی نێوان گەلان، هیچی تریان لێ بەرهەم نایەت، لێرەوە ناڕەزایەتی خۆمان دەگەیەنینە دەزگای بەرهەمهێنەر و (atv) و تەواوی ئەو ستافە، لە بەرامبەر ئەو سوكایەتییە و بڵاوكردنەوەی تۆوی شۆفێنیزم و بە کەم سەیرکردنی بەرامبەرەكانیان.