دوای چوار مانگ لە سوتاندنی، کەیسی شنیار هونەر لە لێکۆڵینەوەدا ماوەتەوە

نزیکەی چوار مانگ بەسەر سوتاندنی شنیار هونەر لەلایەن هونەر ڕەشیدی هاوژینییەوە تێدەپەڕێت، دوو کەس وەک تۆمەتبار دەستگیرکراون، بەڵام کەیسەکە هەر لە لێکۆڵینەوەدا ماوەتەوە.

سلێمانی

 

شنیار هونەری ٢١ ساڵ و دایکی دوو منداڵ، لەلایەن هونەر ڕەشیدی هاوژینیەوە لە شەوی ١٩ لەسەر ٢٠ی شوباتی ئەمساڵ لە ماڵەکەی خۆیدا بە نەوت سوتێنرا، پاش پێنج رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانەی ئیمێرجنسی سلێمانی لە بەرەبەیانی ٢٣ی شوباتدا گیانی لەدەستدا و لە شارۆچکەی سەیدسادق بە خاک سپێردرا.

 

لەسەر کەیسەکەی شنیار هونەر، هەرزوو هونەر ڕەشید، لەدایکبووی ١٩٩٧، هاوژینی شنیار وەک تۆمەتبار دەستگیرکرا، لە نەخۆشخانەی ئیمێرجنسی سلێمانیش شنیار هونەر سکاڵای لە هاوژینەکەی کردووە و ئاماژەی بەوەدا کە هونەر ڕەشید سوتاندوویەتی.

 

سوتاندنی شنیار هونەر دەنگدانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا، لەناو کۆمەڵگەدا بە دڕندانەترین شێوەی کوشتن بەناوکرا، دراوسێکانی شنیار هونەر لە لێدوان و باسەکانیاندا بۆ میدیاکان باسیان لەوەدەکرد کە شنیار هونەر بە سوتاوی لە ژوورەوە ڕایکردووەتەوە دەرەوە و لە ئازاردا هاواری کردووە، سوتاندنی ژنێک و ئازارەکانی و توندوتیژی پیاوان ناخی کۆمەڵگەی هەژاند.

 

کەیسەکە لە دادگای لێکۆڵینەوەدا ماوەتەوە

ئاودێر عەلی، پارێزەری کەیسی شنیار هونەر، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی نوژنها، باسی لەوەکرد، تاوانباری سەرەکی کە هونەر ڕەشیدە، دەستگیرکراوە و لێکۆڵێنەوەکان لەگەڵیدا بەردەوامە، "سکاڵای کەسوکاری شنیار هونەر و هونەر ڕەشید، لسەر کەسێکی دیکە هەبوو، کە ژنێکی بە ڕەگەز عەرەبە، بەپێی ماددەی ٤٠٦ یاسای سزادانی عێراقی نزیکەی ٤٥ ڕۆژە دەستبەسەرە و لەژێر لێکۆڵینەوە دایە".

 

ئەو پارێزەرە ئەوەشی خستەڕوو کە سکاڵا و لێدوانی شنیار هونەر وەک بەڵگە بوونیان هەیە و کاریان لەسەر کردووە لە دادگاییدا بخرێنەڕوو، کەیسەکەش لە دادگای لێکۆڵینەوە دایە و هەتا ئێستا نەگوازراوەتەوە بۆ دادگای تاوانەکان.

 

یاسا و دادگاکان هۆکارن بۆ زیادبوونی توندوتیژییەکان

ئەمە لە کاتێکدایە، نزیک دەبێتەوە لە ٤ مانگ کە شنیار هونەر لە شاری سلێمانی لەلایەن هاوژینەکەیەوە سوتێنرا، پاش دەستگیرکردنی تۆمەتبار هونەر ڕەشید دانی بە تاوانەکەیدا ناوە، بەڵام دادگا هێشتا لە لێکۆڵینەوە دایە و کەیسەکە نەچووەتە دادگای تاوانەکان و دادگایی لەسەر بەڕێوەنەچووە.

 

کەیسی شنیار هونەر نمونەی سەدانی کەیسی دیکەی کوشتنی ژنانە، سەروەرنەبوونی یاسا و خاو بەڕێوەچوونی پرۆسەکانی سزادانی تاوانبارانی کوشتنی ژنان نیگەرانی لای ژنان، چالاکوانان و پارێزەران دروستکردووە و ڕەخنە لە دادگاکان دەگرن کە نەیانتوانیوە مافی ژنان بەدەسبهێنن، بە هۆکاری زیادبوونی ڕێژەی توندوتیژی و کوشتنی ژنانیش دادەنرێت.