سومەیە کە وترابوو خۆی کوشتووە دەرکەوت لە لایەن هاوژینەکەیەوە کوژراوە

دوای زیاتر لە مانگێک لە کوشتنی سومەیە مام خەزری، ژنێکی خەڵکی شاری بوکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەرکەوت بکوژەکەی هاوژینی پێشووی بووە.

بۆکان

هاوژینی سومەیە مام خەزری خەڵکی گوندی شێخلەرە، کە چوار کیلۆمەتر لە بوکان دوورە، ئاماژەی بەوەکرد، سومەیە بەهۆی بارودۆخی ژیانەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە، بەڵام پزیشکی داد ئاشکرایکرد کە کوژراوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی  لەلایەن خێزانەکەیەوە بەدەستهاتووە، سومەیە دوای جیابوونەوەی لە هاوژینەکەی، بە فێڵ بردویەتی ناو ئۆتۆمبێلەکەی و پاشان حەبی پێداوە، دەستبەجێ گیانی لەدەستداوەو بۆ ئەوەی تۆمەتبار نەکرێت بە کوشتن، حەبی خەوی پێداوە و گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام دوای ماوەیەکی زۆر، ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەی دادوەری ئەوەیان دەرخست  گیان لەدەستدانی سومەیە کوشتنێک بوو لەلایەن هاوژینەکەی پێشوویەوە ئەنجام دراوەو خۆکوشتن نەبووە.

 

یەکێک لە خزمەکانی ئاماژەی بەوەکرد، سومەیەی تەمەن ٢٢ ساڵ، سێ ساڵ لەمەوبەر هاوسەرگیرییان کردووە و بۆ ماوەی سێ مانگ پێکەوە ژیاون، پاشان بە ڕێکەوتن لەیەکتر جیابوونەوە، دوای ماوەیەک پیاوێکی گەنج داوای هاوسەرگیری لەگەڵ کردووە و کاتێک هاوژینی پێشووی ئەو بابەتەی بیست، هەمیشە هەڕەشەی کوشتنی لێکردووە.

 

سەبارەت بە کوشتنی سومەیە، ڕوونیکردەوە  لە ١٨ی تشرینی یەکەم کاتژمێر ٢:٠٠ی پاشنیوەڕۆ، سومەەی ماڵەکەی بەجێهێشت و چوو بۆ زانکۆ، لەناکاو دیار نەما و لەو ماوەیەدا هاوژینەکەی پێشووی فێڵی لێکردبوو و بڕێکی زۆر حەبی پێدابوو، کاتێک بێهۆش بوو، ئەو بەجێی هێشت و گەڕایەوە ماڵەوە، دوای نزیکەی نیو کاتژمێر تەلەفۆنی بۆ خێزانەکەی کرد و پێی وتن کە لەوانەیە سومەیە مردبێت، پاشان حەبی خەوی وەرگرت و خوشکەکەی بردی بۆ نەخۆشخانە و ڕایانگەیاند کە خۆی کوشتووە بۆ شاردنەوەی نهێنی کوشتنەکە.

نەک هەر هیچ یاسایەک نییە بۆ پاراستنی ژنان، بەڵکو یاسا خۆی توندوتیژی دژ بە ژنان ئاسان دەکات و لەو کاتەدا ژنانی جیابووەوە لە هاوژینەکانیان زۆرجار ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە.