بڵاوکردنەوەی پەرتوکی "ژیانکردن وەک فێمینیستێک" قەدەغە کرا

بە وتەی ئیمان واقفی، وەزارەتی ئیرشاد بڵاوکردنەوەی پەرتوکی "ژیانکردن وەک فێمینیستێک"ی لە نووسینی سارا ئەحمەد، نووسەری بەریتانی بە ڕەچەڵەک پاکستانی قەدەغە کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئیمان واقفی وەرگێڕ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، بڵاوکردنەوەی پەرتوکی "ژیانکردن وەک فێمینیستێک" لە نووسینی سارا ئەحمەد، نووسەری بەریتانی بە ڕەچەڵەک پاکستانی، لەلایەن وەزارەتی ئیرشادەوە قەدەغە کراوە، ئەوەشی بەبیر هێنایەوە کە ساڵی ڕابردوو، وەزارەتی ئیرشاد بەرگی دووەمی پەرتوکی "ژنانی سیبیلۆ و پیاوی بێ ڕیش"ی ڕەتکردەوە.

 

ئیمان واقفی لە بڵاوکراوەکەیدا نووسیویەتی، "من و ئاتینا بە سۆز و خۆشەویستییەوە ئەم دوو پەرتوکەمان وەرگێڕ کرد و زۆر شتیان لێوە فێربووین، ئێستاش بە هەر شێوەیەک بێت وەرگێڕانەکان دەگەیەنینە خوێنەران".

 

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە پەرتوکی "ژیانکردن وەک فێمینیستێک" نیشان دەدات کە تیۆری فێمینیزم لە ژیانی ڕۆژانەدا دەردەکەوێت و لە ئەزموونە ئاساییەکانی فێمینیست بوون لە ماڵەوە و لە شوێنی کاردا سەرچاوەی گرتووە، ئەو تیۆریانەش دژی یاساکانی ڕژێمی ئیسلامین.