لە ساڵیادی شۆڕشدا ئێران دەستگیرکردنی چالاکوان و هونەرمەندانی دەستپێکرد

شەوی ڕابردوو، هاوکاتی کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن رژێمی ئێرانەوە، ناڕەزایەتی سەرتاسەری ئێرانی گرتەوە و بە ڕێگەی جیاواز ساڵیادی ژینا بەرز ڕاگیرا، ڕژێمی ئێرانیش بۆ سەرکوتی ناڕەزایەتییان دەستگیرکردنی چالاکوان و هونەرمەندانی دەستپێکردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ، ١٦ی ئەیلوول ساڵیادی کوشتنی ژینا ئەمینی بوو لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە، کە بووە هۆی دەستپێکی شۆڕش بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"، بانگەوازی سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتییەکان چەند مانگێکە دەکرێت و دوێنێ لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بازاڕەکان داخران و مانگرتن ڕاگەیەندرا.

 

ئێران بۆ سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان هەڕەشەی لە دوکاندارەکانی ناو بازاڕ کردبوو کە نابێت بەشداری مانگرتن بکەن و دوکانەکانیان دابخەن، هەروەها هێزێکی زۆری ئەمنی و کامێرەی چاودێری بە شارەکاندا بڵاوکردووەتەوە و دەستگیرکردنی ناڕازییەکانی دەستپێکردووە.

 

لەسەر بڵاوکردنەوەی وێنەی ژینا هونەرمەندێک دەستگیر کرا

لەو چوارچێوەیەدا، هانیە توسەلی، ئەکتەری ناوداری ئێرانی، دوێنێ دوایین وێنەی ژینا ئەمینی لە ئینستاگرامی خۆی بڵاوکردەوە کە لەسەر میترۆی “حەقانی” لە تارانی پایتەختی ئێران گیراوە و نووسیویەتی، "بێدەنگی، وێنەیەکی دەربڕین، ئەمە زەردەخەنەکەیەتی، دواهەمین وێنە، بێتاوانی، گەنجی، جوانی و خوێنی پاک، ئەفسانەیەک لەدایک بوو، ژینا ئەمینی نەمر بوو"، دوای بڵاوکردنەوەی وێنەکە، ئەو هونەرمەندە دەستگیر کرا و ئەمڕۆ خوشکەکەی، تەناز توسەلی ڕایگەیاند کە درەنگانی شەو هانیە توسەلی دەستگیر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.

 

دوای چەند کاتژمێرێک لە دەستگیرکردنی هانیا توسەلی، ئەکاونتی ئینستاگرامەکەی، کە وێنەکەی تیادا بڵاوکردبووەوە، لە کار کەوت.

 

هەر دوێنێ، ئەفسون نەچەفی، خوشکی حەدیس نەجەفی کە لە ناڕەزایەتییەکانی دژی کوشتنی ژینا ئەمینی ساڵی ڕابردوو بە دەستی ڕژێمی ئێران کوژرا، لە هەڵکوتانە سەر ماڵەکەی لەلایەن هێزەکانی ڕژێمی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.

 

ئەفسون نەجەفی لە هەژماری تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆی سەبارەت بە دەستگیرکردنەکە بڵاوی کردووەتەوە، "بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەک هەڵیانکوتایە سەر ماڵ، هەموو شوێنێک گەڕان و هەندێک لە ئامێرەکانی منیان لەگەڵ خۆیاندا برد.

 

"ببوورە، بەڵام ناتوانم بێ باک بم"

هەر دوێنێ، شەیدا سابری، چالاکوانی بواری ژنان و منداڵان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری یاسوجەوە بە بیانووی جلوبەرگی ناشیاو لە سەرەتای ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" دەستبەسەر کرا و گواسترایەوە بۆ شوێنێکی نادیار، شەیدا لە پێش ١٦ی ئەیلوولی ئەمساڵ لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا باس لە چۆنیەتی دەستگیرکردنی دەکات، کە لەو ناڕەزایەتییەدا وەک نیشانەی ئاشتی جلی سپی لەبەرکردووە و لەسەر پانکارتێک مافی هاوڵاتیبوونی خۆی هەڵگرتووە، بە دەستەکەی دیکەشی بۆ ڕێزگرتن لە هەموو باوەڕی و ئاینەکان قورئانی پێبووە، هەروەها چەسپی داوە لە دەمی وەک نیشانەی ناڕەزایەتی، لە گۆڕەپانی هەوت تیری یاسوج ناڕەزایەتی تاکەکەسی دەستپێکردووە و وەک تاکە ژن قژەکانی بڕیوە، لە ڤیدیۆکەدا دەڵێت: بەڵام هێزەکانی سوپای پاسداران بە توندی لێیان دام و دەستگیریان کردم و زیندانییان کردم.

 

شەیدا لە ڤیدیۆکەدا جەخت دەکاتەوە کە ناتوانێت بێباک بێت بەرامبەر دۆخی خەڵک و داوا لە هاوشارییەکانی دەکات لەگەڵیدا لە شەقام بن، بە دایکیشی دەڵێت: مەگری و وەک دایکی ژینا هاواری ژن، ژیان، ئازادی بکە.

 

شەیدا دوێنێ، دووبارە لە ساڵیادی شۆڕشی ژینادا دەستگیر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە، ساڵی ڕابردووش لە کاتی دەستگیرکردنیدا بۆ هاوژینەکەی نووسیوە، "ببوورە، بەڵام ناتوانم بێ باک بم".