تەژەکە-ئە: بە کۆمەڵکوژی و پیلانگێڕییەکانتان ناتوانن شۆڕشی ژنان بوەستێنن

تەژەکە-ئە ڕایگەیاند، "بە دەسەڵات دەڵێین هەموو کۆمەڵکوژی و پیلانگێڕییەکانتان لە ئیمرالیەوە تا پاریس ڕێگری لە گەشەسەندنی خەباتی گەلی کورد و شۆڕشی ژنان ناکات.

ناوەندی هەواڵ

 

بزووتنەوەی ژنانی کوردی ئەوروپا- تەژەکە-ئە سەبارەت بە کۆمەڵکوژییەکانی پاریس بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئێمە چارەکی یەکەمی سەدەی بیست و یەک تێدەپەڕێنین، لە کاتێکدا سیستەمی سەرمایەداری کە سیستەمێکی پیاوسالارییە، بە شەڕێکی پەیوەست بە ناسیۆنالیزم و ئایین و لەگەڵ لەناوبردنی سروشت، کۆمەڵگە و ژنان دەیەوێت داهاتوو و هیوای مرۆڤایەتی لەناوببات، ئەو ڕاستییەی کە مێژوو نیشانی داوین، خەباتە لە دژی ئەوان.

 

مێژوو، باوەڕ و خۆڕاگریمان پیشان دەدات وەک سارا کە لە بەرامبەر ئەشکەنجەدان لە زیندانەکانی ئامەددا وتی 'من عاشقی ئەم خەباتەم'، ڕۆحی سەردەم لە ڕۆشنایی حەقیقەتی ساکینە جانسز و هاوڕێیان فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەزەوە فێر دەبین، کات فێری لەبیرنەکردن و لێنەبوردنمان دەکات، کات داوای خەبات دەکات بۆ هەموو ژنان'".

 

"لە داوای دادپەروەری ناوەستین"

تەژەکە-ئەلە ڕاگەیەندراوەکەیدا جەختی کردەوە، کە واز لە داوای دادپەروەری ناهێنن و هەروەها هاتووە، "ئێمەی ژنانی کورد هەمیشە لەسەر خەتی سارای دەبین، هەمیشە هەستن و دەنگتان بەرز بکەنەوە بەرامبەر ستەم و کۆمەڵکوژی فاشیستەکان، سەرەڕای ئەو بەڵگەنامە و تۆمارە دەنگی و پەیوەندییانەی کە نیشانمان دەدەن کوشتنی ئەو سێ ژنە کوردە لەلایەن میتی تورکەوە ئەنجامدراوە و هەوڵەکانی حکومەتی فەرەنسا بۆ شاردنەوەی دۆسیەکە، ئێوە بێدەنگ بوون و لە ٢٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ سەرەڕای بانگەوازەکەمان بۆ پلانی تیرۆرکردن دژ بە دامودەزگا و نوێنەرانی کورد، دیسان بێدەنگ بوونەوە، لە بەرامبەر هەوڵەکانمان بۆ ڕۆشنکردنەوەی ڕاستییەکان و دەستەبەرکردنی دادپەروەری لە سەرانسەری جیهاندا بێدەنگ بوون، هەر بۆیە پیلانی تیرۆرکردنی ئەڤین گۆیی و میر پەروەر و عەبدولرەحمان قزلتان دانایەوە.

 

ئێمە بە دەسەڵات دەڵێین باوەڕمان بە درۆ و بەڵێنە پووچەکانی ئێوە نییە، هەمیشە بەردەوام دەبین لە گەڕان بەدوای دادپەروەری و ئازاری تیرۆرکردنی ئەو سێ ژنە کوردە هێزێکی زیاترمان پێدەبەخشێت، بە دەسەڵات دەڵێین کۆمەڵکوژی و پیلانەکانتان لە ئیمرالیەوە تا پاریس کە ئێوە بێدەنگ بوون و لە کاتی ئەنجامدانیاندا هەوڵتان دا بیشارنەوە، ناتوانن ڕێگر بن لە پەرەسەندنی خەباتی گەلی کورد و شۆڕشی ژنان، توڕەیی و ئیرادەمان دادپەروەری مسۆگەر دەکات.