دەوڵەتی تورک بەردەوامی بە هێرشی قڕکردن دەدات

دەوڵەتی تورک لە ٤ی ئەم مانگەوە هێرش دەکاتە سەر هەموو ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاو بەبێ وەستان بۆردومانی ناوچە جیاوازەکان دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

دەوڵەتی تورکیا لە ٤ی تشرینی یەکەمەوە هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا چڕتر کردووەتەوە، ئەمەش دوای هەڕەشەکانی وەزیری ناوخۆی تورکیا بەردەوامە لە هێرشە قڕکەرەکانی دژی ناوچەکە.

 

هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ناوچەکە کە تا ئەمڕۆش بەردەوامە بەم شێوەیەیە:

 

دێریک

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر شەوی ڕابردوو وێستگەی ئاوی خانە سەرێی لە شاری دێریکی کانتۆنی قامیشلۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆردومان کرد، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دەوڵەتی تورک گوندی میرکا میرا و گوندی گر زیرۆی لەهەمان ناوچە بۆردومان کرد.

 

کۆبانێ

لە کاتژمێر ١٠:٠٠ی شەوی ڕابردوو فڕۆکە داگیرکەرەکانی دەوڵەتی تورکیا نەخۆشخانەی کۆڤید و دارستانی کۆبانێ و گەڕەکی کانی کوردان و کارگەی بێتۆنیان بۆردومان کرد، هەروەرها گوندەکانی دبس و سەفەویە و فەتسە و کۆگای ئاو لە گوندەکانی فاتسێ و میگلات و بیر کینۆ و کۆگاکانی قیز عەلی و زەنوبیە و سێوالکی و کۆمپانیای لاڤا و هۆشان و خالیدیە و جدەیدەو دەروازەی گوندی میشەرف لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی عەین عیسای بۆردومان کرد.

 

مەنبج

دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و چەتەکانی گوندەکانی باکووری ڕۆژئاوای مەنبجیان لە بەرامبەر جەرابلوسی داگیرکراو بۆردومان کرد.

 

عامودا

فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا کۆگاکانی گەنمی ڕۆژهەڵاتی ناوچەی عامودایان بۆردومان کرد.

 

تربەسپی

دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆردومانی دەوروبەری گوندی تل جەهانی لە باکووری ڕۆژئاوای ناوچەی تربەسپی کرد.

 

بەڵام هیچ زانیارییەکی زیاتر لەبارەی بۆردومانەکەوە بەدەستنەهێنرا، هەروەها دەنگی بۆردومانەکان لە دەوروبەری ناوچەکە دەبیسترێت.

 

تل تەمر

پەیامنێرمان لە ناوچەکە ئاماژەی بەوەکرد، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و چەتەکانی بە چەکی قورس گوندەکانی ڕیبات، تل ئەل وەرد، بۆبی، ئەسەدیە، ڕابێت و خربەت شیر و دادا عەبدال لە باشووری ناوچەی زرگان بۆردومان کرد.

 

عەفرین - شەهبا

دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و چەتەکانی گوندەکانی مەراناز، مالیکیە، شەوارخە، تل مەڕاش و  کەفەر ئەتون لە ناوچەی شەرای کانتۆنی عەفرین بۆردومان کرد، هەروەها گوندەکانی بەن سۆخانێک و عاقیب و مایاسە و کیلۆتێ و دەر جەمال لە ناوچەی شێراوای کانتۆنی عەفرین کرانە ئامانج، هەروەها لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی سەربازی منخ لە  گوندەکانی بەلونی و عەین دەقن لە شەهبا بۆردومان کران.

 

ماوەی سێ ڕۆژە هێرشی زەمینی و ئاسمانی لە دژی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەنجامددەدرێت، لەو هێرشانەدا دەوڵەتی تورکیا ژێرخانی ناوچەکە و ناوەندە ستراتیژییەکان دەکاتە ئامانج.