"لە گۆشەگیریدا گۆشەگیری بەسەر زیندانییەکاندا سەپێندراوە"

هاتیجە ئاکین، کەسوکاری زیندانیی کاردانەوەی بەرامبەر سیاسەتی گۆشەگیری لە زیندانەکاندا خستەڕوو و وتی: زیندانییەکان لە هەموو مافەکانیان بێبەش کراون، ئەوان چەند مانگێک چاوەڕێ دەکەن بۆ ئەوەی بچن بۆ نەخۆشخانە.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

ئامەد- پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە زیندانەکانی تورکیا و باکووری کوردستان بەردەوامە و زیندانییەکان لەم دواییانەدا لە زۆرێکی مافەکانیان بێبەش کراون، بەندکراوان و زیندانییەکان لە زیندانی D جۆری ۱ی ئامەد لێیان دەدرێت، ئەو جلوبەرگ و پارەیەیان پێنادرێت کە بۆیان دەنێردرێت، لەبارەی ئەو بابەتەوە، هاتیجە ئاکین، کەسوکاری زیندانی قسەی کرد.

 

هاتیجە ئاکین ئاماژەی بەوەکرد، کوڕەکەی مەلیک ئاکین لە ساڵی ٢٠١٦ەوە زیندانی کراوە و بەبێ هیچ بەڵگەیەکی دیاریکراو سزادراوە، هاتیجە ئەوەشی خستەڕوو هاوژینەکەی بۆ ماوەی چەند ساڵێک پێش کوڕەکەی زیندانی کراوە و بۆ  ٢٠ ساڵ دەچێت لە زینداندایە، هەروەها فشارەکان لە زیندانەکاندا هەرگیز کۆتاییان پێنەهاتووە و بارودۆخی ئێستای بەوە پێناسە کردووە، کە "لە گۆشەگیریدا گۆشەگیری بەسەر زیندانییەکاندا سەپێندراوە".

 

"لەناو خواردنەکاندا بەرد دەردەکەوێت"

هاتیجە ئاکین ئاماژەی بەوەکرد کوڕەکەی نەخۆشە و هەرچەندە چەند جارێک داوای چارەسەری کردووە، بەڵام دوای چەند مانگێک گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە، زیندانییەکان دوای چەند هەفتەیەک گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە،  وتیشی: ئەو جلوبەرگ و پێداویستییانەی دەیاننێرین نادرێت بە زیندانییەکان، ئەو پارەیەی کە دەینێرین ناگەنە ئەوان، کاتێک کەسێک نەخۆش دەبێت، گرنگی پێنادرێت، لە چاوپێکەوتنەکاندا ژنێک کە لەهۆش خۆی چوو دوای چەند کاتژمێرێک ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا، ناهێڵن زیندانییەکان هەناسە بدەن، گۆشەگیری لە زیندان دەکرێت، شتی سەیر لە خواردن دەردەچێت زیندانییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە زۆر جار خواردنەکەیان بەردی تێدایە، پێداویستییەکانیان دابین نەکراوە، ئەوەی ئەوان دەیانەوێت پێیان نادەن.

 

هاتیجە ئاکین ئاماژەی بەوەدا کە ئەشکەنجە و فشارێکی سیستماتیکی هەیە لەسەر زیندانییەکان و وتی: جارێک کە چووم بۆ چاوپێکەوتن دەنگی هاوار دەهات، بینیم زیندانییەک بە لێدان دەیانبرد بۆ نەخۆشخانە، لە دژی ئەم ئەشکەنجەیە، نازانین چی بڵێین، هیچ شتێک نییە بیڵێین، هەموو شتێک دەکەن، هەرگیز ناوەستن، لە زیندانەکاندا، کاتێک شتێک ڕوودەدات، کاتژمێرێک دواتر، ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن دێت، وەک ئەوەی دەستگیرکردنەکەیان بەس نەبێت، ئەشکەنجەیان دادەن.

 

"لێخۆشبوون بۆ بکوژەکان هەیە، بەڵام بۆ سیاسییەک نییە"

هاتیجە ئاکین داوای ئازادکردنی زیندانییەکانی کرد و وتی: دەبێت هەموو زیندانییەکان ئازاد بکرێن، بەسە دڕندەیی، ساڵێک و دوو ساڵ نییە ماوەی ٢٠ ساڵە دەڕۆم بۆ بەر دەرگای زیندان، هەرچەندە هیچ تاوانێکیان نەکردووە، بەڵام چەندین ساڵە زیندانی کراون، هەروەها لێخۆشبوونیان هەیە بۆ دزەکان، بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان و بکوژەکان، بۆچی لێبوردن بۆ سیاسەت نییە؟ بۆچی جیاکاری لە دژی هەزاران کەس دەکەن؟.