ماڵی ژنان کێشەی ژنانی هەموو پێکهاتەکان چارەسەر دەکات

ماڵی ژنان ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە هەموو ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریادا، یاسمین عیسا، وتەبێژی ماڵی ژنان لە گەڕەکی ئەلتەی، باسی کارەکانی لەو گەڕەکە دەکات و دەڵێت: کێشەکانی ژنان لە ڕێگەی ماڵی ژنانەوە چارەسەر دەکرێن.

زەینەب عیسا

 

قامیشلۆ- ماڵی ژنان یەکەم دامەزراوەی شۆڕش و دەستکەوتی ژنانە کە لە ساڵی ٢٠١١ و لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕش دامەزرا،  لە هەموو ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لقی هەیە، وەک یەکێک لە کۆڵەکەکانی دامەزراوە ناوخۆییەکان کار دەکات کە نوێنەرایەتی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکات، لە قامیشلۆ، دوای ڕزگارکردنی گەڕەکی ئەلتەی لە دەستی چەکدارانی دیمەشق، هەندێک ڕێکخراو هەنگاو بە هەنگاو چوونە ناو گەڕەکەکە لەلایەن خۆبەڕێوەبەری و کۆنگرەی ستارەوە، یەکێکیش لەو ناوەندانە ماڵی ژنان بوو.

 

کێشەکانی ژنان چارەسەر دەکرێن

یاسمین عیسا، وتەبێژی ماڵی ژنان لە گەڕەکی ئەلتەی، باسی کارەکانیان لە گەڕەکەکە کرد و وتی: نزیکەی ساڵێکە کاری ماڵی ژنان لە گەڕەکی ئەلتەی بەڕێوەدەبەین، دوای ئازادکردنی گەڕەکەکە بە یارمەتی خۆبەڕێوەبەری و کۆنگرەی ستار ڕێکخرا و ناوەندی ماڵی ژنان کرایەوە، کاتێک ئەم ناوەندەمان کردەوە، ڕووبەڕووی هەندێک کێشە بوونەوە، لەنێو گەلی عەرەبیدا کەسانێک هەبوون کە ڕەتیان کردەوە، چونکە هێشتا بیرکردنەوەی خێڵەکییان هەبوو، بیرکردنەوەی پیاوسالاری ڕێگەیان نەدەدا ژنەکانیان بەشداری لە کارەکەدا بکەن. دوای ئەوەی ئێمە بونیادماننا، دەستمان کرد بە سەردانکردن بۆ ماڵەکانیان و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆمان پێناساندن و ڕۆحی دۆستایەتی نێوانمان بینی، ئەوان هەنگاو بە هەنگاو نزیک بوونەوە لە ئێمە و ڕێگەیان بە ژنەکانیان دا کە لەگەڵ ئێمەدا کار بکەن، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ژنان و بەشداریکردن لە چالاکییەکاندا، هەندێک جار پیاوەکانیان پێیان دەوتین کە چۆن ژنان کار دەکەن، بەڵام کاتێک ئێمە بیر، فەلسەفە، کولتوور و کۆمەڵگەمان ناسی، بیری ئەوان گۆڕا.

 

"بەهۆی فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ گەیشتووینەتە ئەم ئاستە"

یاسیمن عیسا ئامانجی کردنەوەی ماڵی ژنان و چۆنیەتی کاریگەرییەکانی لەسەر ژنان خستەڕوو و وتی: کاتێک کێشەیەکیان هەیە، سەرەتا دەچنە گروپی گەڕەکەکە، لە نێوان یەکدا هەندێک ڕێکخستن دەکەن، پاشان گروپەکانیان دەنێرن بۆ ماڵی ژنان، کە لە ڕێگەیەوە کێشەکانیان چارەسەر دەکرێت، زۆرێک لە ژنانی نەتەوەی عەرەبی سەرسامن بە ئێمە و دەبینن کە ئێمە لێرە بە ڕۆحێکی کۆمەڵایەتی کار دەکەین و دەیانەوێت لەگەڵمان کار بکەن، ئێستا ئێمە لێرە کۆمیتەمان هەیە، ژنانی نەتەوەی عەرەبی لە هەموو کۆمیتەکاندا هەن، لە ڕێگەی فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆوە بوونەتە خاوەن ئیرادە،  خۆیان دەڵێن بەهۆی فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆوە گەیشتوونەتە ئەم ئاستە، ئامانجمان لە کردنەوەی ئێرە ئەوەیە کە ژنان لەو بیرکردنەوە پیاوسالارییە ڕزگار بکرێن، کۆیلایەتی و سیستمی خێڵەکی. ئەو داب و نەریتە دواکەوتووانە، بە چارەسەرکردنی کێشەکانیان بە شێوەیەکی ڕێکخراو دەگۆڕدرێن.

 

"ئەوانەی بە باشترین شێوە کۆمەڵگە بەڕێوە دەبەن ژنانن"

یاسمین عیسا داوای لە هەموو ژنان کرد خاوەنی هێز و ئیرادە بن و کۆیلایەتی قبوڵ نەکەن، لە کۆتاییدا وتی: داواکاری من بۆ ژنان ئەوەیە کە بێدەنگ نەبن و کۆیلایەتی قبوڵ نەکەن و کارەکانیان جێبەجێ بکەن، چونکە ئەوانەی کۆمەڵگە بەڕێوە دەبەن ژنن، پێویستە خاوەنی هێز و ئیرادە بن، وەک ماڵی ژنانیش، کێشەکانی هەموو ژنێک بە شێوەیەکی ڕێکخراو چارەسەر دەکەین و دەستڕاگەیشتنمان بە هەموو ژنان هەیە، نەک تەنها ژنانی عەرەب، بەڵکو کوردەکان، سریانییەکان، ئەرمەنییەکان و ئێزیدییەکانیش.