بنەماڵەی شەنیاشار: سبەینێ هەمووتان لەگەڵمان بن

ئامینە شەنیاشار کە هاوژینەکەی و دوو کوڕی کوژران و یەکێک لە کوڕەکانی دەستگیرکراوە، داوای لە هەمووان کرد کە سبەینێ بەشداری مەراسیمی یادکردنەوەکە بکەن و وتی: با سبەینێ هەمووان لەگەڵمان بن، من دادپەروەریم بۆ هەموو کەسێک دەوێت".

ڕەحا

 

ئامینە شەنیاشار، کە هاوژینەکەی و دوو کوڕەکەی لە ١٤ی حوزەیرانی ٢٠١٨دا لەلایەن پاسەوانان و کەسوکاری ئیبراهیم خەلیل یەڵدزی پەرلەمانتاری ئاکەپەوە لە ناوچەی پەرسوسی ڕەحا کۆمەڵکوژکران، لە بەردەم دادگای ڕەحا لەگەڵ فەرید شەنیاشاری کوڕی چالاکیی ئێشکگری بۆ دادپەوەرییان لە ٩ی ئازاری ٢٠٢١ەوە دەستی پێکردووە، ئەمڕۆ لە ٤٦٢ەمین ڕۆژیدا بەردەوامە و ئەمڕۆ پانکارتی "دادپەروەریمان دەوێت"یان بەرز کردەوە.

 

ئامینە شەنیاشار کە ٤٦٢ ڕۆژە بەردەوامە لە ئێشکگری، تیشکی خستەسەر مەراسیمی یادکردنەوەی کۆمەڵکوژییەکە کە سبەی بەڕێوەدەچێت و وتی: ماوەی چوار ساڵە نەمانتوانیوە یادێک بکەینەوە، نەمانتوانیوە شیوەن بکەین، با بەیانی هەمووان لەگەڵمان بن، با فادیلەکەم ئازاد بکرێت، دادپەروەری بچەسپێت و لەو ڕۆژەدا تەعزێ دابنێین، من دادپەروەری، بۆ هەموو کەسێک دەوێت، من ئێرە جێناهێڵم تا دادپەروەری نەچەسپێت، ٣ کەسیان کوشتم و کوڕەکەم ئازاد ناکەن، ٤ ساڵ تێدەپەڕێت و لە ساڵی پێنجەمداین، با ئەم دڵڕەقییە کۆتایی پێبێت با ئەوانەی منداڵەکانمیان کوشت دەستگیر بکرێن، بۆچی دەستگیر نەکراون؟ هیچ کەسێک لە نەخۆشخانە لە بەردەم پزیشکدا خەڵک ناکوژێت من نەخۆشم و بە زەحمەت هاتووم بۆ ئێرە ئەگەر بمرم با لێرە بمرم.

 

بنەماڵەکە لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆیان تیشکیان خستەسەر مەراسیمی یادکردنەوەی کۆمەڵکوژییەکە کە سبەینێ بەڕێوەدەچێت و هاشتاگی #AdaletİcinUrfadayizیان بڵاوکردەوە و وتیان: "هەرکەسێک ستەمێک دەکات، ئەخلاق ئەوەیە کە مرۆڤ لە دژی بوەستێتەوە، کێ دەبێت با ببێت بەڵام پشتیوانی ئەو کەسانە بکەن کە بەدوای مافی خۆیانەوەن".