نە ئامارەکانی کوشتن بڵاودەکەنەوە، نە دەهێڵن هەواڵی کوشتنیان بدرێت
لەگەڵ ئەوەی بەردەوام حاڵەتەکانی کوشتن و خۆکوشتن لە هەڵکشاندایە و ئامارەکان کەموکورتن و ڕاستی بابەتەکان دەرناخرێن، بەو دۆخەشەوە وەزارەتی ڕۆشنبیری بڕیاری دەرکردەوە بە قەدەغەکردنی ڕووماڵکردن و بڵاوکردنەوەی هەواڵەکانی کوشتن و خۆکوشتن.
ناوەندی هەواڵ
وەزارەتی ڕۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕووماڵکردن و بڵاوکردنەوەی هەواڵی کوشتن و خۆسووتاندنی لە سەرجەم میدیاکاندا قەدەغە کرد، لە ڕاگەیەندراوێکیشدا کە لە ٨ی حوزەیراندا ئامادەکراوە و ئاڕاستەی سەرجەم میدیا بینراو و بیستراوەکان کراوە، بڕیاریدا بڵاوکردنەویە هەواڵی "کوشتن و خۆکوشتن و سوتاندن" قەدەغە دەکەن.
هەرچەندە ڕووداوەکانی کوشتن و خۆکوشتن تا دێت زیاد دەکات و بەتایبەت کوشتن و ناچار بە خۆکوشتنی ژنان لە ئاستێکی بەرز دایە، بەڵام وەزارەتی ڕۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە جیاتی دۆزینەوەی ڕێگەچارەسەر و هەوڵدان بۆ هۆشیارکردنەوەی تاک لە ڕێگای پڕۆگرام و ڕاپۆرت هەڵدەستێت بە قەدەغەکردنی ڕووماڵکردنی تاوانەکانی کوشتن و خۆکوشتن.
وەزارەتی ڕۆشنبیری هۆكاری دەركردنی ئەو بڕیارەی گەڕاندووەتەوە بۆ ئەوەی کە ئەم هەواڵانە دەبێتە هۆی زیادبوونی ڕووداوەکانی کوشتن و خۆکوشتن، ڕێگە بۆ هاوڵاتیانی دیکە خۆشدەکات و بەرچاوڕوونیان پێدەدات، جەختیکردەوە هەر میدیایەک پابەند نەبێت، ڕێكاری یاسایی لە بەرامبەردا دەگرنەبەر.
ئەوەی پێویستە بکرێت خستنەڕووی ئامارەکانی کوشتن و خۆکوشتنە، هەروەها نەشاردنەوەی ڕووداوەکانە، بەڵام بە جۆرێک بێت کار نەکاتە سەر زیادکردنی حاڵەتەکان و ڕێگەچارەسەری لەگەڵدا بێت.
کە نیوەی ساڵی ٢٠٢٢ تێپەڕیوە و تا ئێستا هیچ ئامارێکی کوشتن و خۆکوشتن لەلایەن دەستەی مافی مرۆڤ و بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان بڵاونەکراوەتەوە، لەکاتێکدا بەردەستبوونی ئامارەکان ڕێگەخۆشکەرە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری و هۆشیاری کۆمەڵگە لەگەڵ جۆر و هۆکاری ڕووداوەکان.