دوو ژنی کورد لە زیندانی قەرچەک مەترسیی جیاکردنەوەی دوو منداڵەکەیان لەسەرە

بەرپرسانی زیندانەکانی قەرچەک و ئێڤینی تاران چوار زیندانیی سیاسیی کوردییان ئاگادار کردووەتەوە بۆ ڕادەستکردنی منداڵەکانیان بە بنەماڵەکانیان یان منداڵەکانیان ڕادەستی ڕێکخراوەی چاودێری منداڵان دەکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان سەبارەت بە بارودۆخی دوو ژنی زیندانییکراوی سیاسیی و لێسەندنەوەی منداڵەکانیان لە زیندانی قەرچەک ڕایگەیاند، بەرپرسانی زیندانی قەرچەک و ئێڤینی تاران چوار زیندانیی سیاسیی کوردی باکووری کوردستانیان بانگهێشت کردووە و پێیان ڕاگەیاندوون ئەگەر بەڵێننامەیەک بۆ ڕادەستکردنی منداڵەکانیان بە بنەماڵەکانیان واژۆ نەکەن، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا منداڵەکانیان ڕادەستی ڕێکخراوەی چاودێری منداڵانی ئێران دەکرێت.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، هەردوو ژنە زیندانیی سیاسیی کورد بە ناوەکانی ڕۆژدا سەعدوون و سەفیە تورسو لەگەڵ هاوژینەکانیان بە ناوی فەسیح کاراتاش و مەزڵووم ئارلی ئاگاداریان کراونەتەوە کە تەمەنی منداڵەکانیان بووەتە سێ ساڵ دەبێت بدرێت بە بنەماڵەکانیان یان ڕادەستی ڕێکخراوەی چاودێری منداڵانی ئێران دەکرێن.

 

ئەوە لەکاتێکدایە، بنەماڵەی ئەو چوار زیندانیانە لە باکووری کوردستان دەژین، هەروەها لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا، لە لایەن لقی ١٥ـی دادگای شۆڕشی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەڵەواتی، بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە گرووپە دژبەرەکاندا" هەر یەکێکیان سزای پێنج ساڵ زیندانییکردنیان بەسەردا سەپێندراوە.

 

هەروەها ڕۆژدا سەعدوون و سەفیە تورسو لەگەڵ هاوژینەکانیان بە ناوەکانی مەزڵووم ئارلی و فەسیح کاراتاش و هەر دوو منداڵە بچووکەکانیان لە ٢٤ـی تەمموزی٢٠٢٤ لە شاری تەورێزی ئێران بە بێ فەرمانی دادوەر دەستگیرکران و دوای لێپرسینەوە ڕەوانەی زیندانی سنە کران، پاشان لە ٢٦ ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا ڕەوانەی زیندانی ئەوین کران.

 

لە ئێستادا ڕۆژدا سەعدوون و سەفیە تورسو لەگەڵ هەردوو منداڵە سێ ساڵانەکانیان لە بەندی دایکانی زیندانی قەرچەکی کەرەج ڕاگیراون و مەزڵووم ئارلی و فەسیح کاراتاشیش لە زیندانی ئێڤینی تاراندان.