دوو گۆڕی بە کۆمەڵی کۆچبەران لە لیبیا دۆزرایەوە

لە میانی هەڵمەتی گەڕانی هێزە ئەمنییەکانی لیبیا دژی تۆڕەکانی بازرگانیی بە مرۆڤ،٩٣ ڕوفات لە دوو گۆڕی بە کۆمەڵدا دۆزراونەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆزماری دیکارلۆ، یاریدەدەری سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ کاروباری سیاسی سەبارەت بە دۆزینەوەی دوو گۆڕی بە کۆمەڵی کۆچبەران لە لیبیا ڕایگەیاند، لە میانی گەڕانی هەڵمەتی  هێزە ئەمنییەکانی لیبیا دژی تۆڕەکانی بازرگانیی بە مرۆڤ،٩٣ ڕوفات لە دوو گۆڕی بە کۆمەڵدا دۆزراونەتەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، دۆزینەوەی دوو گۆڕی بە کۆمەڵ لە دوای هەڵکوتانە سەر شوێنەکانی بازرگانیی بە مرۆڤەوە، زۆر ترسناک‌ و کارەساتباره‌ و جەخت لە مەترسییەکی گەورە ده‌كه‌ینه‌وه،‌ کە ڕووبەڕووی کۆچبەران لە لیبیا دەبێتەوە.

 

باسی لەوەشکردووە، لە٧ـی شووباتدا گۆڕێکی بە کۆمەڵ لە کێڵگەیەکدا لە ناوچەی ئیجخارا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی لیبیا دۆزرایەوە و ڕۆژی دواتر گۆڕێکی بەکۆمەڵێکی دیکە لە کوفرە، لە باشووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە دۆزرایەوە.

 

وتیشی: تاکوو ئێستا ٩٣ ڕووفات لە ئیجخاراو کوفرە دەرهێنراون، هەروەها ئەو مامەڵە دڕندانە و نامرۆڤانەیشی شەرمەزار کرد، کە کۆچبەران بەمنداڵانیشەوە، لەلیبیا ڕووبەڕووی دەبنەوە.

 

ئەمە لەکاتێکدایە، بە وتەی چاودێران لیبیا بووەتە یەکێک لە وڵاتانی بازرگانیی بە مرۆڤەوە و دەیان هەزار کۆچبەر لە ئەفریقا لە کاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئەورووپا دەبنە نێچیری بازرگانەکان و هەندێکیشیان لەکاتی پەڕینەوە مەترسیدارەکانی دەریای ناوەڕاستدا گیان لەدەست دەدەن.